Skip to the content
Menu

به‌ به‌شداریى وه‌زیرى كشتوكاڵ
پڕۆژەیاسای بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شه‌تڵ و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان تاووتوێ كرا

به‌مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى په‌رله‌مان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/١، خاتوو بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، وه‌زیرى كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى په‌رله‌مانى كوردستانى و به‌شداریى له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌ كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به سه‌رپه‌رشتیى د. بژار كۆچه‌ر، سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى په‌رله‌مان و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ناوه‌ڕۆكى ڕاپۆرتى ده‌نگدان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژەیاسای بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شه‌تڵ و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق، كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ى كاروبارى یاساییه‌وه بۆ دانیشتنى ده‌نگدان ئاماده‌كراوه تاووتوێ كرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیرى كشتوكاڵ و تیمى یاسایى و هونه‌ریى وه‌زاره‌ت، چه‌ندین پێشنیار و پرسى كشتوكاڵى و زانستى و بۆشایى یاساییان له‌وباره‌یه‌وه‌ خسته‌ ڕوو.
له‌ كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه‌ى كاروبارى یاسایى كۆتایى به‌ ئاماده‌كردنى ڕاپۆرتى ده‌نگدان هێنا و پێش ئه‌وه‌ى ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌یانى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێریى په‌رله‌مان كۆده‌بنه‌وه‌.