Skip to the content
Menu

شاندێكی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی سەردانی وەزارەتی ئەوقاف دەکات

بەمەبەستی پیرۆزباییكردن لە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی تازه‌ دەستبەکاربوو لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١١/١، شاندێکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان، کە پێکھاتبوو لە مەلا ئیحسان محەمەد سه‌لیم، جێگری سەرۆکی لیژنە و وەیسی سەعید وەیسی، بڕیاردەری لیژنە و شێخ ظاھر محه‌مه‌د عه‌لی خه‌یلانى و فه‌یسەڵ عه‌باس عه‌وڵا و ھێرش فه‌قێ حه‌سه‌ن، ئەندامانی لیژنەكه‌، سەردانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كورستانی كرد و له‌لایه‌ن د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی پێشوازیى لێكرا.
له‌ دیدارێكدا باس لە گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی وەزارەتى ئه‌وقاف کرا و بە گرنگ دانرا بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی كاره‌كانى وەزارەته‌كه‌.
دواتر شاندى لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی پیرۆزباییكردن بە جیا سەردانی ھەریەک لە پ.ی.د. دیار عیزەدین جه‌باری، ڕاوێژکاری وەزارەتى ئه‌وقاف و فارس جه‌وھه‌ر حه‌مه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و ته‌یب زرار عه‌بدولڕه‌حمان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای ھەولێری کرد و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواستن لە کارەی تازەكه‌یاندا، ھەروەک پشتیوانیی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی په‌رله‌مانى كوردستانیان بۆ دووپات كردنه‌وه‌ لەپێناو سەرخستنی كارەكانیاندا.
له‌ دیداره‌كاندا جەخت لەسەر بەردەوامیی زیاتری پەیوەندیی نێوان لیژنەی ئەوقاف و وەزارەتی ئەوقاف کرایەوە لەپێناو زیاتر خزمەتکردنی ڕەوشی ئاینی و پێکەوەژیانی ئاینی لە ھەرێمی کوردستاندا.