Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی كرد
د. ڕێواز فایق: "هیوادارم كردنه‌وه‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بۆ كتێب بخرێته‌ نێو به‌رنامه‌ و پلانی ساڵانه‌ی چالاكییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كانی شاره‌كه‌"

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/٨، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ حه‌سه‌ن ڕه‌حیم ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی، ڕِێكخه‌ری پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بۆ كتێب و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا باس له‌ ڕه‌وشی خوێندنه‌وه‌ و نووسین و كایه‌كانی ڕۆشنبیری به‌ گشتی كرا و تیشك خرایه‌سه‌ر دۆخی ئێستای خوێندنه‌وه‌ و پاشه‌كشه‌ی چاپه‌مه‌نیی كاغه‌ز به‌رامبه‌ر به‌ میدیای ئه‌لیكتڕۆنی و سۆشیال میدیا به‌ گشتی.
د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پشتیوانیی خۆی بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ پیرۆزه‌ و كردنه‌وه‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی ده‌ربڕی و هیوای خواست كه‌ كردنه‌وه‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بۆ كتێب بخرێته‌ نێو به‌رنامه‌ و پلانی ساڵانه‌ی چالاكییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌كانی شاری سلێمانی، به‌ تایبه‌ت كه‌ سلێمانی به‌ یاسا هه‌ڵگری نازناوی شاری ڕِۆشنبیرییه‌.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ستایش و ده‌ستخۆشیی خۆی ئاڕاسته‌ی ڕێكخه‌رانی ئه‌و پێشانگایه‌ و وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و پارێزگاری سلێمانی، ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی شاری سلێمانی كرد بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ پیرۆزه‌ و هیواشی خواست پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بۆ كتێب ببێته‌ مایه‌ی وه‌رچه‌رخانێكی نوێ و جووڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ بخاته‌ نێو كایه‌ی ڕۆشنبیری و خوێندنه‌وه‌ و نووسین له‌ كوردستان به‌ گشتی و شاری سلێمانی به‌ تایبه‌تی.
لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی، سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و پشتیوانیكردن و هاندانیان بۆ به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ى ساڵانه‌ی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانی بۆ كتێب له‌ چوارچێوه‌ی كاه‌ركانی پێشانگای نێوده‌وڵه‌تیی سلێمانیدا.