Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیى له‌ بەڕێوەبەری هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای ڕێکخراوی (NDI) و شاندێكی یاوه‌ری كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١١/١، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ لیزلی كامپبڵ، بەڕێوەبەری هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای ڕێکخراوی (NDI) و شاندێكی یاوه‌ری كرد،
له‌ دیدارێكدا باسی چه‌ندین پرسی په‌رله‌مانی و شێوازی كاركردنی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی یاسادانان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرا، هاوكات باسی چه‌ندین ئاریشه‌ و ململانێیی په‌رله‌مانی په‌یوه‌ست به‌ توانا و لێهاتوویی په‌رله‌مانتاران و شاره‌زاییان له‌ كاری په‌رله‌مانیدا كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی ڕێكخراوی ( NDI)ی كرد كه‌ تائێستا زۆرترین خزمه‌تیان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌، له‌ ڕێگه‌ی كردنه‌وه‌ی چه‌ندین خول و وێركشۆپی گه‌وره‌ و فراوان و ڕاهێنانی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر ئیتیك و شێوازی كاری په‌رله‌مانی، گووتیشی: "( NDI)ی یه‌كێكه‌ له‌و ڕێكخراوانه‌ی كه‌ به‌ڕاستی كارده‌كات بۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوون و گه‌شه‌پێكردنی توانای په‌رله‌مانتاران له‌ ئه‌ركی په‌رله‌مانتاریاندا".
پاشان فوئاد ئه‌حمه‌د سلێمان، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، پوخته‌یه‌كی له‌ بارەی كار و چالاكییه‌كانی داهاتوویان بۆ ئاماده‌بووانی دیداره‌كه‌ خسته‌ ڕوو.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، لیزلی كامپبڵ، بەڕێوەبەری هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیای ڕێکخراوی (NDI)، سوپاسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ خستنه‌ڕووی زانیارییه‌كان و به‌رزنرخاندنی كار و چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌یان و هیوای خواست له‌ ئاینده‌دا بتوانن كاری زیاتر پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان بكه‌ن.