Skip to the content
Menu

پەرلەمان پرسی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و وانەبێژان و فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست و دۆخی سووتەمەنیی تاووتوێ كرد

سه‌عات ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٠/٢٦، به سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی کوردستان و بە ئاماده‌بوونی د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٤)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی سێیه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشوو و كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.

به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، كه‌ بریتی بوو له  پڕۆژەیاسای سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکانی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان–عێراق، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مى بۆ كرا و لەلایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرا.

به‌پێی خاڵی دووەمی بەرنامەی کاریش كه‌ بریتی بوو له‌ دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامی پەرلەمان (دابان محمد حسێن) لە ئەندامیەتیی (لیژنەی دەسپاكی)ى پەرلەمانی كوردستان –عێڕاق، لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە خرایە دەنگدانه‌وه‌ و بە دەنگی ٧٦ پەرلەمانتار پەسەند کرا.

به‌پێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی کاریش کە لە دوو بڕگە پێكهاتبوو، بڕگەی یەکەم تایبەت بوو بە خستنەڕووی دواین بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە بابەتی سێ یەكەمەكان و وانەبێژان و ئامادەكارییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لیژنه‌كه‌وه‌ ڕاپۆرتی لیژنەكه‌ خوێندرایەوە كه‌ تێیدا چه‌ندین تێبینی و سه‌رنج و پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی ئه‌و سێ توێژه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ناویان هاتووه‌ خرابوونه‌ ڕوو، پاشان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە دەرگای گفتوگۆ بۆ ئەندامانی پەرلەمان کرایەوە و په‌رله‌مانتاران سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازه‌كانی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان خسته‌ ڕوو.

به‌پێی بڕگه‌ی دووه‌میش له‌ خاڵی سێیه‌می به‌رنامه‌ی كار، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ خستنەڕووی بەدواداچوون و كارەكانی پەیوەست بە دۆخی سووتەمەنی و چارەسەرییەكان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەلایەن لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی، لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی لیژنه‌كه‌وه‌ ڕاپۆرتی لیژنەكه‌ خوێندرایەوە كه‌ تێیدا چه‌ندین تێبینی و سه‌رنج و پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی سوتەمەنی و گرانی بەنزین خرابوونه‌ ڕوو ، پاشان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە دەرگای گفتوگۆ بۆ ئەندامانی پەرلەمان کرایەوە و په‌رله‌مانتاران سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازه‌كانی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان خسته‌ ڕوو.

پاشان لەلایەن د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بە دانیشتنەکەی ئەمرۆ هات.