لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا خوێندنەوەی دووەم بۆ دوو پڕۆژەیاسا کرا
سه‌عات ١٠:٣٠ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/١٠/٢٧ ، به سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایەق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی کوردستان و بەئاماده‌بوونی د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (٥)ى ئاسایی خولی پایزه له ساڵی سێیه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فایەق سه‌رۆكی دانیشتنه‌كه به ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، كه بریتی بوو لە خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پرۆژەیاسایانەی خوارەوە به‌پێی حوكمی مادده‌كانی ٨٧، ٨٨، ٨٩) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان:
١. پرۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانی عێراقی ژمارە (٣٠) ساڵی ١٩٨٤ لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق).
٢. پڕۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتل و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق).
پاشان لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوا لە لێژنەی یاسایی و لێژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان و بازرگانی کرا کە بێنە سەر سەکۆی هۆڵی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بۆ خوێندنەوەی راپۆرتی هاوبەش لەسەر پرۆژەیاسای (هەمواری پیادەكردنی یاسای بازرگانی عێراقی ژمارە (٣٠) ساڵی ١٩٨٤ لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق)، پاشان لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاساکە کرا.
سەبارەت بە بڕگەی دووەمی بەرنامەی کار، کە تایبەتە بە (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆ و شەتل و تۆماركردن و پەسندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق)، لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە داوا لە لێژنەی هاوبەشکرا کە پێک هاتبوون لە لێژنەی یاسایی و لێژنەی کشتوکاڵ، بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، راپۆرتی هاوبەش خوێندرایەوە ، پاشان لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆ لەسەر سەرجەم ماددە و برگەکانی پرۆژەیاساکە کرا و لەلایەن وەزیری کشتوکاڵ روونکردنەوەی پێویست لەسەر پڕۆژەیاساکە درا، پاشان لەلایەن د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ هێندرا.