Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كۆبوونه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كێشه‌ و داواكاریه‌كانی به‌شێك له‌ده‌رچووانی ١٢ی ئاماده‌یی و ئه‌نجامه‌كانی سیسته‌می زانكۆ لاین، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٢٠٢١/١٠/٣١، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌سه‌رپه‌رشتی عبدالسلام دۆله‌مه‌ڕی سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانی لیژنه‌ پێشوازیان كرد له‌ د.ئارام محمد وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و شاندێكی یاوه‌ری.
لەسه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، سه‌رۆكی لیژنه‌ كورته‌ باسێکی له‌سەر داواكاری و كێشه‌كانی ده‌روچووانی ١٢ی ئاماده‌یی و كه‌م و كوڕیه‌كانی ئه‌نجامه‌كانی زانكۆ لاینی به‌ناوی لیژنه‌ خسته‌ به‌رده‌م ستافی وه‌زاره‌ت، كه‌ داواكارییه‌كان بریتی بوون له‌ زیادكردنی كورسی خوێندن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئه‌و قوتابیانه‌ی كه‌ به‌هۆی هه‌ڵه‌كردنه‌وه‌ ناوییان له‌هیچ زانكۆ و په‌یمانگایه‌ك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، هاوكات داواییان كرد كه‌ هه‌موو قوتابیان كه‌ فۆرمییان پێشه‌كه‌شكردووه‌ كورسی خوێندنییان بۆ دابین بكرێت.
دواتر وه‌زیری خوێندنی باڵا كورته‌ باسێكی لەباره‌ی هه‌نگاوه‌كان و پلانی ساڵانه‌ی وه‌زاره‌ت خسته‌ڕوو ، و دڵنیایی دایه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ هه‌موو داواكارییه‌كانی ده‌رچووانی ١٢ی ئاماده‌یی كه‌ نمره‌ی به‌رز و نمره‌ی نزمیان هه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا هیچ قوتابییەك نامێنێت كه‌ كورسی خوێندنی بۆ دابین نه‌كرێت، دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن خسته‌ڕوو.