Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ و گرفته‌ ته‌ندروستیه‌كانی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ندیدار به‌ كاروباری لیژنه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٠/٢٠ لیژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی و ژینگه‌ و مافی به‌كاربه‌ر به‌سه‌رپه‌رشتی د.سه‌باح زێباری سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕه‌وشی ته‌ندروستی و لێكه‌وته‌كانی ڤایرۆسی گۆڕاوی كۆڕۆنا له‌هه‌رێمی كوردستان گفتۆگۆی له‌سه‌ر كرا و بڕیاردرا كه‌ له‌هه‌فته‌ی داهاتوو بانگهێشتی وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ و چه‌ند پرسێكی تری په‌یوه‌ندیدار به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كێشه‌ و كه‌موكوڕییه‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین كرا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی سه‌ردانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بكه‌ن و به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ و گرفته‌كان بكه‌ن.
له‌به‌شێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و نوسراو و یاداشت و داواكارییانه‌ی ئاراسته‌ی لیژنه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌ و دوای ڕاوێژ له‌ نێوان ئه‌ندامانی لیژنه‌ كاری پێویستیان له‌سه‌ر كرا و ئه‌وانه‌ی پێویستیان به‌وه‌ڵام دانه‌وه‌ هه‌بوو وه‌ڵام درانه‌وه‌ و ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كاری پێویست.