Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی كۆبوونه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ كاروباری لیژنه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢١/١٠/٢٠، لێژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی به‌سه‌رپه‌رشتی سه‌وسه‌ن محمد میرخان سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی ئه‌نجامدا.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باس له‌ هه‌نگاوه‌كانی لیژنه‌ كرا بۆ زیاتر به‌نێوده‌وڵه‌تی كردن و ناساندنی زیاتری ئه‌و تاوان و كۆمه‌ڵكوژی و جینۆسایدانه‌ی به‌سه‌ر گه‌لی كورد دا هاتوون و بڕیاردرا له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ نێوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییەکان كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت و میكانیزمی گونجاو بدۆزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌یسه‌كان زیاتر به‌ دونیا بناسێندریت و وه‌ك پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی سودی لێ وه‌ربگیرێت.

له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانی كه‌س و كاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی كرا، هه‌روه‌ها باس له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی و هەنگاوەکانی چاکسازی لە وه‌زاره‌تی شه‌هیدان کرا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بڕیار درا هه‌فته‌ی داهاتوو بانگێشتی وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و لێژنەکانی چاکسازی بكرێت.