Skip to the content
Menu

لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر گرفتی مامۆستایانی وانه‌بێژ و سێ یه‌كه‌مه‌كانی هه‌رێم و فەرمانبەرانی گرێبەست ئاماده‌ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت سه‌باره‌ت به‌ گرفتی مامۆستایانی وانه‌بێژ و سێ یه‌كه‌مه‌كانی هه‌رێم و فەرمانبەرانی گرێبەست، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٠/٢٥، لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، به‌سه‌رپه‌رشتیی عبدالسلام دۆڵه‌مه‌ڕی، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر كێشه‌ و گرفته‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژ و هه‌نگاوه‌كانی لیژنه‌كه‌ بۆ دۆیزنه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌ی گونجاو كه‌ له‌ ئاست داخوازییه‌كانی ئه‌وان بێت، هه‌روه‌ها بابه‌تی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێم و فەرمانبەرانی گرێبەست قسه‌ی له‌سه‌ر كرا و بڕیاردرا ڕاپۆرتێكی گشتگیر ئاماده‌ بكرێت و هه‌نگاوه‌كانی لیژنه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه‌ى تێدا بێت و ئاماژه‌ به‌ نه‌خشه‌ڕِێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان بكرێت و له‌ دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مان له‌ ڕِۆژی سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٠/٢٦ بخرێته‌ ڕوو.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراو و یاداشتانه‌ی ئاڕاسته‌ی لیژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌ و دوای وه‌رگرتنی ڕاو سه‌رنجی ئه‌ندامان كاری پێویستییان له‌سه‌ر كرا و ئاڕاسته‌ی لاهیه‌نی په‌یوه‌ندیدار كران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن و كاری پێویست.