Skip to the content
Menu

پەیامی د.ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال

‎چوارساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر كۆچی دوایی ڕابەری گەورەی گه‌له‌كه‌مان سه‌رۆك مام جه‌لال، سه‌ركرده‌ و سیاسه‌تمه‌داری بێ جێگره‌وه‌ و سیمبولی یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و ئاین وپێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عێڕاق و كوردستان، پیاوی پێكه‌وه‌ژیان و گفتوگۆ و دانوستان، كه‌سایه‌تی و كاریزمای بێوێنه‌ی ته‌بایی، كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو ڕوانگە جیاوازه‌كان.

‎دیاره‌ ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای عێڕاق و كوردستان پێیدا تێده‌په‌ڕێت، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كان له‌عێڕاقدا، ئێستا بۆشایی و جێگای ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ ئاشتیخواز و كاریگه‌ره‌ له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر دیاره‌، هه‌مووانیش له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كۆكن، كه‌ له‌گه‌ڵ دواماڵئاوایی سه‌رۆك مام جه‌لال، ئاشتی، ئارامی وسه‌قامگیری، به‌خته‌وه‌ری و خۆشگوزه‌رانی، زۆربەی چه‌مكه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان، ماڵئاواییان لێكردین، له‌گه‌ڵ كۆچی دوایی ئه‌ودا قه‌یرانه‌كان زیاتر قووڵبوونه‌وه‌ و په‌ره‌یان سه‌ند، ئیدی گۆڕه‌پانی سیاسه‌تكردنی حه‌كیمانه‌ و زمانی گوڵه‌كه‌ چۆڵبوو، بۆیه‌ ئه‌م قۆناغه‌ هه‌ستیار و بارگاوییه‌ به‌ ته‌نگژه‌، و ئەو دڕدۆنگیەی نێوان لایەنە سیاسیە عێڕاقییه‌كان بەگشتیی، لێمان ده‌خوازێت فه‌لسه‌فه‌ و شێوازی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال په‌یڕه‌و بكه‌ین و دەخوازم جارێکی دی جوڵە دیبلۆماسی و پشوو درێژییەکانی شکۆی نیشتمان ئیلهامبەخشی پاراستنی‌ هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ گه‌ورانه‌ بێت کە لە ڕابردوودا بەدەستمانهێناون. ‎له‌م یاده‌ شكۆمه‌نده‌دا هیواخوازم هه‌مووان به‌ گیان و ڕۆحییه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌گه‌وره‌یی به‌ها و ده‌سكه‌وته‌ نیشتمانیه‌كان بڕوانین، هه‌مووان پێکەوە كاربكه‌ین له‌پێناو هێنانه‌دی ئه‌و مافه‌ ده‌ستورییانه‌ی كه‌ تاوه‌كو ئێستا به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه‌ و خەباتی نەپساوەو پشوودرێژی زیاتریان پێویستە.

د. ڕێواز فایەق

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

٢٠٢١/١٠/٣