سەرۆکی دیوانی پەرلەمان پێشوازی لەسەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماریی عیراقی فیدرال دەکات
سەعات ٣ی پاشنیوەرۆی ئەمرۆ دووشەممە ٢٠٢١/١٠/٢٥ ئەردەلان محەمەد سەرسپی سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی کرد لە موهەنەد حوسامەددین بەیاتی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماریی عیراقی فیدرال.
لە دیدارێکدا کە فوئاد ئەحمەد بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان ئامادەی بوو، سەرۆکی دیوانی پەرلەمان خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانە دەربری و بەدەسپێشخەرییەکی گرنگی زانی بۆ پتەوکردنی هاوکاری نێوان دیوانی هەردوو سەرۆکایەتی لەرووی دامەزراوەیی و گەشەپێدان.
لەلای خۆشیەوە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی کۆمار بە هەمان شێوە سوپاسی ئەم پێشوازییە گەرمەی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کرد، و سەرسامی خۆی بەو پێشکەوتنانەی هەرێم لەرووی دامەزراوەییە دەربری و پێشنیاری کرد کە لەمەودوا بۆ پتەوکردنی هاوکاری لە سەر ئاستی دامەزراوەیی لەنێوان دامەزراوەکانی سەرۆکایەتیی فیدرال و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی دەوری ببەسترێت لەوێوە هاریکاری نێوان هەردوولا پتەوتر بێت و ببێتە هۆی گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان. راشیگەیاند: هەمان داوای ئاراستەی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران کردووەو بە خۆشحالیەوە قەبوڵیان کردووە، لەلای خۆشیەوە سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بەباشی زانی کۆبوونەوەی لەمجۆرە لەنێوان ئەو دامەزراوانە هەبێت کە لەکۆتاییدا بە مایەی خێر بگەرێتەوە بۆ گەلانی عیراق.