Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان پێشوازیی له‌ باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق كرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢١/١٠/٢٧، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ئۆلریك شانون، باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق كرد، كه‌ به‌مه‌به‌ستی ماڵئاواییكردن و ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كانی له‌ عێراق، سه‌ردانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كردبوو.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، باسی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێڕاقی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان كرا، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ڕِایگه‌یاند: "ده‌ستووری عێراق پارێزه‌ری مافی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی عێڕاقه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ئه‌و مادانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ و عێراق قووڵایی ستراتیژیی ئێمه‌یه‌، بۆیه‌ هیواخوازین له‌گه‌ڵ دروستبوونی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، ماده‌ی 140 و سه‌رجه‌م پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى نێوان عێراقی فیدڕال و هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێن و ماده‌كه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت".
لای خۆیانه‌وه‌ ئۆلریك شانون، باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێڕاق، سوپاسگوزاریی خۆی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ پێشوازییه‌كه‌ و خۆشحاڵیی خۆشی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ عێراقدا كاری كردووه‌.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ۆلریك شانون، خواست له‌ ئه‌ركه‌ تازه‌كانیدا كه‌ له‌ ئاینده‌دا ئه‌نجامیان ده‌دات.