Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا ده‌كات

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15/9/2021 د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان،به‌ئاماده‌بوونی نجات شعبان له‌ فراكسیۆنی پارتی و فیصل عباس له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی و به‌ڵین اسماعیل له‌ فراكسیۆنی گۆڕان و سارا چاوشلی له‌ فراكسیۆنی توركمانه‌كان، پێشوازی له‌ شاندێكی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا كه‌ پێكهاتبوون له‌ سێبه‌ستان نادۆت و سۆنیا كریمی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا كرد.
له‌دیدارێكدا كه‌ كونسوڵی گشتی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ئاماده‌بوو، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێرای به‌خێرهێنانی شاندی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌ په‌یوه‌ندیی له‌ مێژینه‌ی نێوان گه‌لی كوردستان و گه‌لی فه‌ره‌نسا كردو رۆلی سه‌رۆكه‌كانی فه‌ره‌نسا و گه‌ڵی فه‌ره‌نسا بۆ هاوكاری و پشتیوانیكردن له‌ دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان به‌رزنرخاند و وراشیگه‌یاند "فه‌ره‌نسا به‌ دۆست و هاوپه‌یمانی ستراتیژی خۆمان ده‌زانین و ده‌خوازین په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتر به‌هێز بكه‌ین له‌ گشت بوارێكدا به‌تایبه‌تی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا له‌ چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانیدا"، و جه‌ختیشی كردەوه‌ له‌ هه‌بوونی گروپێكی دۆستایه‌تی نێوان هه‌ردوولا کە زۆر گرنگ و پێویسته‌ .
لای خۆشیانه‌وه‌ شاندی په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا، وێرای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆیان بۆ سه‌ردانیكردنی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختیان له‌ زیاتر به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان فه‌ره‌نسا كردوه‌ و ئاماده‌ی خۆشیان نیشاندا، كه‌هاوكار و پشتیوان ده‌بن بۆ زیاتر گۆرینه‌وه‌ی زانیاری ده‌رباره‌ی كاری په‌رله‌مانی و پێكهێنانی گروپێكی دۆستایه‌تی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا.
له‌ درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، به‌ وردی گفتوگۆیان لەبارەی به‌ هێزبوونی زیاتری  په‌یوه‌ندییه‌كان کرد، هه‌روه‌ها  پرسی كۆچ و پەنابەران  له‌ ته‌واوی جیهاندا باس کرا و شێواز میكانزمی چاره‌سه‌رییه‌كان خرانه‌ڕوو.