Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی كردنه‌وه‌ى خولی پایزه‌دا
د. ڕێواز فایق.: "هانى گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ده‌ین بۆ یه‌كڕیزى و ته‌بایی له‌پێناو پاراستنى قه‌واره‌ى سیاسیی هه‌رێمى كوردستان"

سه‌عات ١٢ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٩/١، به ‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (١)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له‌ساڵی سێیه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ به ‌ده‌قیقه‌یه‌ك ‌وه‌ستان به‌ بێده‌نگی بۆ ڕێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستیپێكرد و دواتر له‌لایه‌ن منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌.
پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردنه‌وه‌ی خولی پایزه‌ی ڕاگه‌یاند و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و تێیدا ڕایگه‌یاند: "كردنه‌وه‌ی وه‌رزی پایزه‌ى له‌ كاتێكدا ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان له ‌به‌رده‌م دۆخێكى نوێی ئیقلیمى و عێراقى و ناوخۆیی دایه‌ و هاوكات له ‌به‌رده‌م ئیستیحقاقێكی سیاسیش دایه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان هانى گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌ده‌ین بۆ یه‌كڕیزى و ته‌بایی له‌پێناو پاراستنى قه‌واره‌ى سیاسیی هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاڕاسته‌ى ئاماده‌كاریى هێمنانه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق".
سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدڕالیی عێراقیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "پشتیوانیى سیاسیى خۆمان بۆ بژارده‌ى گفتوگۆى به‌رده‌وام له‌ نێوان حكوومه‌تى هه‌رێم و حكوومه‌تى فیدراڵى به‌ ئاڕاسته‌ى چاره‌سه‌رى لۆژیكى گشت كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كوردستانیان و فه‌راهه‌مكردنى سه‌قامگیریی سیاسى و ئابوورى و ئه‌منى و به‌رده‌وامیى پابه‌ندبوون به‌ ڕێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنه‌كان ڕاده‌گه‌یه‌نین".
سه‌باره‌ت به ‌وه‌رزی نوێى یاسادانانیش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختى له‌سه‌ر میكانیزمی كاری پێكه‌وه‌یی كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: "ده‌مانه‌وێت به‌ڕێزتان به‌رچاوڕوون بن سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌یاسا و پێشنیازه‌یاسا و بڕیارانه‌ی كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كرابوون، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ند خشته‌یه‌كمان به ‌زانیاری و ژماره‌ و هه‌نگاو و ئاستی كاركردن له‌سه‌ر هه‌ر پڕۆژه‌ و پێشنیازێك ئاماده‌ كردووه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژی ئاینده‌دا ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م فڕاكسیۆنه‌كانی ده‌كه‌ین".
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ژماره‌ و ناوونیشانی ئه‌و یاسایانه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ وه‌رزی پێشوو په‌سند كراون، كه‌ ژماره‌یان (١٠) یاسا بووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و پێشنیازه‌یاسا و بڕیارانه‌شی خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ ئێستادا له‌به‌رده‌ستى سه‌رۆكایه‌تى و لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى په‌رله‌مانن كه‌ به‌ كۆی گشتی (١٠٤) پێشنیازه‌یاساو بڕیار ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراون و به‌مشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ (٢٤) پێشنیازه‌یاساو بڕیار په‌سند كراون، (١٢) پێشنیازه‌یاسا و بڕیار ئاڕاسته‌ی حكوومه‌ت كراون بۆ ڕه‌زامه‌ندیدان له‌سه‌ر بارگرانیی داراییان بۆئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ بكرێت و تا ئێستا وه‌ڵامى كۆتاییان نه‌هاتووه‌ته‌وه‌، (٣٧) پێشنیازه‌یاسا له‌لایه‌ن لیژنه‌كانى په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ته‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ڕه‌تكراونه‌ته‌وه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى مه‌رجی ڕواڵه‌تی پێشنیازه‌یاسایان تێدا نه‌بووه‌ یان هیچ بۆشاییه‌كى یاسایی له‌و بواره‌دا نه‌بووه‌ یان بارگرانیى دارایی هه‌بووه‌ و له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، (٩) پێشنیازه‌یاساش ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی كراوه‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و بڕیاردان له‌سه‌ریان و هێشتا بۆ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى نه‌كراونه‌ته‌وه‌، (٢١) پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌یاساش خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆ كراوه‌ و له‌ژێر پڕۆسه‌ى ته‌شریعدان و له‌ ئێستادا له‌و ژماره‌یه‌ ڕاپۆرتى (٧) پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌یاسا له‌لایه‌ن لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و لیژنه‌ى یاسایی له‌ ژێر چاودێریى سه‌رۆكایه‌تیدا، له‌ پشووى وه‌رزى یاسادانان دا بۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م ئاماده‌كراون.
گووتیشی: "پێشبینیمان ئه‌وه‌یه‌ فراكسێۆنه‌كان و په‌رله‌مانتاران بۆشایی یاسایی و كه‌موكورتیی یاسابه‌ركاره‌كان و پێداویستیی قۆناغه‌كه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی خزمه‌تی زیاتری كوردستانیان بكه‌نه‌ بنه‌مای پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاسای دیكه‌، له‌هه‌مان كاتدا ده‌بێت حكوومه‌تیش پڕۆژه‌یاساكانى نێو كارنامه‌ى كابینه‌كه‌ و پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى بۆ په‌رله‌مان بنێرێت و چیتر له‌ ژێر هیچ پاساوێكدا هیچ داهات كۆكردنه‌وه‌ و خه‌رجییه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاساى بودجه‌ ئه‌نجام نه‌دات، بۆیه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌ركى حكوومه‌ته‌ دواى (٨) هه‌شت ساڵ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان، ئه‌ركى په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌كانیشه‌ به‌دواداچوون و لێپێچینه‌وه‌ بۆ ناردنى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ بكه‌ن".
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ژماره‌ى ئه‌و پرسیارانه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌و خوله‌دا ئاڕاسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراون و ڕایگه‌یاند: "له‌ كۆى (١٣٢٣) پرسیار كه‌ تا ئێستا ئاڕاسته‌ى حكوومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌كان كراون (١١٩٧) پرسیار وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌ و (١٢٦) پرسیاریش هێشتا وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه‌، واته‌ به‌ گشتى ڕێژه‌ى (٩٠%)ى پرسیاره‌كان وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه‌ و وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌كان و سه‌رۆكى ده‌سته‌كان و ئه‌میندارى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى خانمانیش ته‌نها له‌ وه‌رزى به‌هاره‌ى یاسادانانى ساڵى سێیه‌م له‌ (٢٩) دانیشتنى په‌رله‌مان و لیژنه‌كان ئاماده‌بوون، ئێمه‌ش له‌ سه‌رۆكایه‌تیى به‌ چاوى بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگى په‌رله‌مان و ته‌واوى دامه‌زراوه‌كانى تر ده‌ڕوانین، چونكه‌ تا ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ته‌ندروستتر بێت و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان كارى یه‌كترى ته‌واو بكه‌ن، ناڕوونی و گومان له‌سه‌ر دۆسییه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم و پڕۆسه‌ى چاكسازى و نه‌وت و داهات و خه‌رجی و وه‌به‌رهێنان و بوار و سێكته‌ره‌كانی كه‌رتی گشتی نامێنێ و هه‌موو دامه‌زراوه‌كانیش به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ به‌ره‌وپێش بردنى پڕۆسه‌ى حكوومڕانیدا ڕۆڵى خۆیان ده‌گێڕن".
پاشان سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان، وته‌یان پێشكه‌ش كرد و تێیدا جه‌ختییان له‌سه‌ر كارى پێكه‌وه‌یی و پێویستیی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان و ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان كرده‌وه‌ و پاڵپشتیی خۆشیان بۆ هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تى هه‌رێم له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی ده‌ربڕی.
هه‌ر له‌وته‌كانیاندا سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان، باسیان له‌ كێشه‌ و ئالنگارییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارنه‌كانی عێراق و بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختییان له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی و یه‌كده‌نگیی نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرده‌وه‌ له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان و پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان.
ئاماژه‌شیان به‌ پێویستیی دامه‌زراندن و به‌ هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانى گرێیبه‌ست و وانه‌بێژان و دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ى باج و ڕسومات و كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین و پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران و گێڕانه‌وه‌ى مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان و ڕێكخستنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ كرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر كێشه‌كانی هاووڵاتییان و كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كانی وه‌ك كاره‌با و ئاو و ڕێگه‌وبان و گرانیی نرخی سووته‌مه‌نی و كاڵا و كه‌لوپه‌ل له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به ‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا و بڕیاره‌ سبه‌ی سه‌عات ١١ى پێشنیوه‌ڕۆ درێژه‌ به‌ دانیشتنه‌كه‌ بدرێت.