د. هێمن هەورامی پێشوازیی له سەرۆکی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا کرد
دوای نیوەڕۆی ئهمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٩/٨، د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە دێو تیەنتەواچ، سەرۆکی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و کارەکانی پەرلەمانی کوردستان تاووتوێکرا.
هەر لە دیدارەکەدا د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ڕێکارە پەیڕەوییەکانی پەرلەمان بۆ دەرچوواندنی یاسا و چاودێری و بەدواداچوون بۆ کارەکانی حکومەت باس کرد، هەروەها ئاماژەی بەو پڕۆژە و پێشنیازەیاسایانە کرد، کە ئامادەکراون و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستانی کردوون و لەناو پەرلەمانیش چەند پێشنیازەیاسایەک ئامادە کراوە لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان و بڕیارە لە داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان، هاوکات باسی لە چەندین یاسای گرنگی دیکە کرد، کە لەم خولەی پەرلەماندا دەرچووێندراون، لەوانە یاسای چاکسازی و چەندین یاسای دیکە و ڕاشیگەیاند: "کاری لە پێشینەی ئەم وەرزەی یاسادانان نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت و بۆ ئهم مهبهستهش هەوڵی جدی هەیە لەم وەرزەی یاسادانان دەستووری هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە و تێپەڕێندرێت، ئەوەش دەبێتە هەنگاوێکی دیکه بۆ زیاتر چەسپاندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕێکخستن و جیاکردنەوەی دامەزراوەکان و دەسەڵاتەکانیان".
لەکۆتایی دیدارەکەدا، د. هێمن هەورامی، ڕۆڵ پشتگرییەکانی ئەمریکاى بۆ چاکسازییەکانی ناو هێزی پێشمەرگە بەرز نرخاند و سوپاسی هاوکاریی بەردەوامی ئەو وڵاتەی کرد لە شەڕی داعش و لە سەرجەم قۆناخە مێژووییەکاندا.
دێو تیەنتەواچ، سەرۆکی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بەو سەردانەی بۆ پەرلەمانی کوردستان، هیوای خواست پەیوەندییەکان بەردەوامییان پێ بدرێت و بەهێزتر بکرێن و ڕاشیگەیاند: "ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان".