Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی پێشوازیى له‌ شاندێکی دەزگای ئەدیان كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٩/٧، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی دەزگای ئەدیان كرد، كه‌ پێكهاتبوو له‌ د. ئیلی ھنیدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ئه‌دیانی لوبنانی و عەبدو سەعید، بەرپرسی پڕۆژەکانی دەزگای ئه‌دیان و مەریوان نەقشبەندی، یەکێک لەو ٣٣ کەسایەتییە عێراقییەی نه‌خشه‌ڕێگه‌کەیان ئامادە کردووە.
له‌ دیدارێكدا كه‌ وه‌یسی سه‌عید وه‌یسی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوو، سه‌ره‌تا د. ئیلی ھنیدی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ئه‌دیانی لوبنانی، پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ كاره‌كانی ده‌زگاكه‌یان و ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ی كه‌ ئاماده‌یان كردووه‌ له‌ ژێر ناوونیشانی نه‌خشه‌ڕێگه‌ى بنیاتنانی هاووڵاتیبوون و حكومڕانیی ژیرانه‌ له‌ عێراق، خسته‌ ڕوو و به‌ ڕه‌سمی پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانى كوردستانيان كرد.
له‌ به‌رامبه‌ردا د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌ ده‌زگاكه‌یان و ئاماده‌كردنی ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست و دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ هه‌موو عێراق كرده‌وه له‌پێناو به‌دیهێنانی سه‌قامگیرى و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانى نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مەزھەب و پێکھاتەکان.
دەزگای ئه‌دیان دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتییە و لە ژمارەیه‌ک کەسایەتیی عێراقی لە سەرجەم نەتەوە و ئاین و مەزھەب و پێکھاتەکانی عێراق پێکھاتووە، بارەگای سەرەکیی لە بەیروتە و نەخشەڕێگه‌یەکیان بۆ بەرقەرارکردنی حوکمێکی ژیرانه‌ لە عێراق و دروستکردنی دەوڵەتی دامەزراوەیی به‌ ھەرسێ زمانی (کوردی- عەرەبی- ئینگلیزی) ئامادە و چاپ کردووە و بڕیاره‌ پێشكه‌شی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراقی بكه‌ن.