Skip to the content
Menu

پاریس.. لیژنەی یاسایی په‌رله‌مانى كوردستان لەگەڵ لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی پەرلەمانی فەڕەنسا کۆبووەوە

بەمەبەستی هەماهەنگی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان، ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٩/١٣، شاندێکی لیژنەی كاروبارى یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی د. بژار کوچەر، سەرۆکی لیژنە و ئه‌ندامیه‌تیی ژمارەیەک لە ئەندامان و ڕِاوێژکارانی لیژنەکە، سەردانی لیژنەی یاساییی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی پەرلەمانی فەڕەنسا-ى کرد و لە لایەن یێل ڕۆن پیڤێ، سەرۆکی لیژنە و ژون ژاک بریدێ، ئەندامی لێژنه‌كه‌ و سەرۆکی دۆستایەتیی عێراقی-فەڕەنسی، پێشوازیی لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە لە هۆڵی فەرمیی کۆبوونەوەکانی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی پەرلەمانی فەڕەنسا بەڕێوەچوو، باس لە کاری پەرلەمانی و هەنگاوەکانی یاسادانان و شێوازی جێبەجێکردنیان کرا و جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ردوولا کرایەوە، هاوکات سەرۆکی لیژنەی كاروبارى یاساییی پەرلەمانی کوردستان، بەناوی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستانه‌وه‌ سوپاسی پەرلەمان و حکومەت و گەلی فەڕەنسا-ی کرد، بۆ سەرجەم ئەو هەڵوێستە جوانانەی کە هەمیشە لە ڕۆژە سەختەکاندا بەرامبەر بە حکومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان نواندوویانە، لە پێشخستنی دیموکراسییەتی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان جەختی لە دیپلۆماسییەتی پەرلەمانی کوردستان کردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەن لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی پەرلەمانی فەڕەنسا پێشوازی لەو پێشنیازە کرا و بڕیارە لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی فەڕەنسا بۆ کاروباری پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەکان تاووتوێی بکەن.
هاوکات لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی پەرلەمانی فەڕەنسا ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوکاری و پشتیوانیی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەر پرسێکی تایبەت بە پێشخستنی کاری یاسایی، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێنیان دا لە کاتی پێویستدا تیمی ڕاوێژکاریی تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان ئامادە بکەن.
شایانی باسە شاندی لیژنه‌ی كاروبارىی یاساییی په‌رله‌مانى كوردستان لە ماوەی سەردانەکەیاندا بۆ فه‌ڕه‌نسا بڕیارە چەندین دیدار و کۆبوونەوەی تر لەگەڵ لیژنە و ئەندامان و ڕاوێژکارانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی پەرلەمانی فەڕەنسا ئەنجام بدەن و کار بۆ هەماهەنگی و لێکنزیکبوونەوەی زیاتر بکەن.