پەیامی پیرۆزبایی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانى ئاینیی ئیسلامیی كوردستان
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
بەناوی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان، ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان، لە سەرجەم زانایانی ئاینی ئیسلام لە كوردستان پیرۆز دەکهین.
بێگومان دامەزراندنی یەكێتیی زانایان بەر لە (٥١) ساڵ بەر لە ئێستا، لە ١٩٧٠/٩/٢١، لەسەر پێشنیاری ڕێبەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان (مەلا مستەفا بارزانی)، بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕەوشی ئاینی و ڕێکخستنی کاروباری زانایانی ئاینی ئیسلام لە سنووری دەسەڵاتی شۆڕشی ئەیلول، پێویستییهكی گرنگ و مێژوویی بوو کە وایکرد زانایانی ئاینی ئیسلام ڕۆل و كاریگەرییهكی دیاریان ھەبێت لە قۆناغە جیاجیاكانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەكەمان لە بەرگریکردن لە پیرۆزییە ئاینی و نەتەوەییەکان و پاراستنی پێكەوەژیان و ئاشتیی كۆمەڵایەتی، بۆیەش ھیوا دەخوازین لە ئاییندەشدا درێژە بەم کارانەتان بدەن بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.
ئەم یادەیەدا بە دەرفەتى دەزانین بۆ دووپاتكرنەوەی هەماهەنگیی زیاتری نێوان لیژنەكەمان و سەرجەم دەزگا و دامەزراوە ئاینییەکانی ھەرێمی كوردستان، بە تایبەت لەو پرسانەی زەمینەی کارکردنیان هاوبەشە و لە ڕووی پیشەییەوە پێویستییان بە گەنگەشە و راوێژكردنە.
لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان
٢٠٢١/٩/٢١