Skip to the content
Menu

سكرتێری په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای پارتی كۆماری گه‌لی توركیا (جه‌هه‌په‌) كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٩/٦، منی نبی قه‌هوەچی، سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای پارتی كۆماری گه‌لی توركیا (جه‌هه‌په‌)، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئۆگوز كان سالیجی، جێگری سه‌رۆكی پارتی كۆماری گه‌لی توركیا كرد.
لە دیدارێکدا كه‌ هیمداد سه‌باح بیلال، ئه‌ندامى په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یبوو، باس له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان له‌ هەرێمی کوردستان كرا و لەو بارەیەوە سکرتێری پەرلەمان، پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وش و مافى پێکهاتەکان له‌ هەرێمی کوردستان خستەڕوو و ڕایگه‌یاند: "لە ژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێكهاته‌كان توانیویانە بە بەشێکی زۆر لە مافەکانیان بگەن، لە ڕووی سیاسیشەوە پێگە و قوڕسایی بەرچاویان لە پەرلەمان و سەرجەم دامەزراوەکانی ترى هەرێمی کوردستاندا هەیە".
سەبارەت بە پێکهاتەی تورکمان-یش، سكرتێرى په‌رله‌مان، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ لەو خولەی پەرلەمان لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەشدارن و لە نێو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیشدا پۆستی وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى پێکهاتەکانیان بەرکەوتووە.
سکرتێری پەرلەمان، باسی ئه‌و پێكهاتانه‌ی كرد كه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌شدارن و ڕۆڵی ئافره‌تانیشی له‌ به‌شداریكردن له‌ كایه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم به‌رز نرخاند.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، سكرتێری په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌ دوا پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئێستاى هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی یه‌كڕیزی و ته‌بایى نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی توركیاش، سكرتێری په‌رله‌مان جه‌ختى له‌سه‌ر به‌هێزبوونی زیاترى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ و هیوای خواست ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ زیاتر په‌ره‌یان پێبدرێت و سه‌رجه‌م بواره‌كان بگرێته‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ ئۆگوز كان سالیجی، جێگری سه‌رۆكی پارتی كۆماری گه‌لی توركیا، خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مان ده‌ربڕی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كانیشیان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رز نرخاند و هیوایان خواست كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و هه‌رێمی كوردستانیش زیاتر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچن.