سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له كونسوڵی گشتیی ئیماراتی عه‌ره‌بی له هه‌رێمی كوردستان كرد
ئه‌مڕۆ سێشه‌مه ٢٠٢١/٩/٢١، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له ئه‌حمه‌د ئه‌لزاهری، كونسوڵی گشتیی ئیماراتی عه‌ره‌بی له هه‌رێمی كوردستان كرد.
له دیدارێكی نێوانیاندا باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو و ڕایه‌ڵه كۆمه‌ڵایه‌تیی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و هه‌رێمی كوردستانی كرد له ڕِووی پێكه‌وه‌ژیان و فره‌ڕه‌نگیی نێوان پێكهاته‌كان، هاوكات تیشكی خسته سه‌ر پێگه و ڕۆڵی ژنان له به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌كانی وڵات‌دا، كه ڕۆڵێكی كارا و كاریگه‌ر ده‌گێڕن له به‌ڕێوه‌بردندا.
لای خۆیانه‌وه ئه‌حمه‌د ئه‌لزاهری، كونسوڵی گشتیی ئیماراتی عه‌ره‌بی، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ پێشوازییه گه‌رمه، باسی كلتووری هاوبه‌شی نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی ئیماراتی عه‌ره‌بی و كوردستان و ئه‌و لێكچوونه فه‌رهه‌نگییانه كرد كه له نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه و هیوای خواست له ئاینده‌دا ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتر بچێته پێشه‌وه.