Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای پارتی كۆماری گه‌لی توركیا (CHP) كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٩/٦، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازيی له‌ شاندێكی باڵای پارتی كۆماری گه‌لی توركیا به‌ سه‌رۆكایه‌تيی ئۆگوز كان سالیجی، جێگری سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ كرد.
له‌ دیدارێكدا باسی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا كرا و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌و پێشه‌وه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی ڕایه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاوبه‌شیی فه‌رهه‌نگی و كلتووريی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ كرد، هاوكات به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی ڕۆڵی توركیای كرد له‌ ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی له‌گه‌ڵ عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌دا.
لای خۆیانه‌وه‌ ئۆگوز كان سالیجی، جێگری سه‌رۆكی پارتی كۆماری گه‌لی توركیا، خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانیكردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها پته‌ویى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولای به‌رز نرخاند و تێڕوانینه‌كانی پارتی كۆماری گه‌لی (CHP)ى بۆ پرسه‌ جیاوازه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كان خسته‌ ڕوو و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان خواست له‌ ئه‌ركه‌كانیدا.