Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ به‌رپرسی نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد
د. ڕێواز فایق: "هیوادارین كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵێكی كارا و كاریگه‌ر بگێڕێت له‌ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا"

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٩/٢١، د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازی له‌ ماری پارنیت، به‌رپرسی نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان، نێرده‌ی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا باس له‌ دواین پێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێڕاق و كوردستان و بارودۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی هه‌ستیاریی ئه‌م قۆناغه‌ گرنگه‌ی عێڕاقی كرد كه‌ پێیدا تێده‌په‌ڕێت، هاوكات ئه‌و ئاڵنگاری و پێشهاتانه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژارن ڕووبه‌ڕووی عێڕاق ده‌بێته‌وه‌ و هیوای خواست ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسییانه‌ به‌ڕێوه‌ بچێت و دووربێت له‌ هه‌موو جۆره‌ پێشێلكارییه‌ك بۆ سه‌ر مافه‌كانی مرۆڤ به‌ گشتی و هه‌مووان تێیدا هه‌ست به‌ به‌شداریكردنێكی ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ن، هه‌روه‌ها هیچ كام له‌ ئاین و نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان هه‌ست به‌ ناهه‌قی و پێشێلكردنی ئازاداییه‌كانیان نه‌كه‌ن له‌ پرۆسه‌كه‌دا، هه‌ڵبژاردنێك بێت دوور له‌ گزی و ساخته‌كاری و ده‌ستێوه‌ردان.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، هیوای خواست كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵێكی كاراو كاریگه‌ر بگێڕێت له‌ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌دا.
پاشان ماری پارنیت، به‌رپرسی نووسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاسگوزاریی خۆی ده‌ربڕی بۆ پێشوازییه‌كه‌ و هیوای خواست ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی عێڕاق ببێته‌ مایه‌ی خۆشی خۆشگوزه‌رانی بۆ عێڕاقییه‌كان به‌ گشتی و چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی له‌ سه‌رجه‌م كایه‌ و سێكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و تێیدا هیواو ئاواتی هه‌مووان به‌ ئاڕاسته‌ی یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی بێته‌دی.