Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری كرا و سێ پڕۆژه‌یاسا و پێشنیازه‌یاسایه‌كیش خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میان بۆ كرا

سه‌عات ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢١/٩/٢، به ‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فایق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (٢)ى ئاسایی خولی پایزه‌ له ‌ساڵی سێیه‌مى خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه.
بەپێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، كه‌ بریتی بوو له ‌خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌مى بۆ كرا و لەلایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرا.
به‌پێی خاڵی دووه‌مى به‌رنامه‌ی كاریش، كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠١١ و هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژەیاساكانی (نیشان و میدالیا لە هەرێمی كوردستان-عێراق، هەمواری دووەمی یاسای یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی ژمارە (١٤)ی ساڵی ١٩٩٣ لە هەرێمی كوردستان-عێراق، هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ژمارە (١٠)ی ساڵی ٢٠١٠ لە هەرێمی كوردستان-عێراق)، ڕاپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌ پێشنیازه‌یاساكه‌ و هه‌رسێ پڕۆژه‌یاساكه‌، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ ڕاستاندنیان بۆ كرابوو، لەلایه‌ن لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ند هه‌ر یه‌كێكیان به‌ جیا خوێندرانه‌وه‌ و كرانه‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن ‌و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پێشنیازه‌یاساكه‌ و هه‌رسێ پڕۆژه‌یاساكه‌ خرانه‌ ڕوو بۆئه‌وه‌ى لەلایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند و لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ له‌ كاتی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی ده‌نگدان له‌ سه‌ریان جێگه‌یان بكرێته‌وه‌.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایى به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.