Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی: "هیچ بیانوویه‌كی سیاسی نه‌ماوه‌ بۆ كارانه‌كردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی"

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٤/١٣، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ جێمی هامیل، جێگری كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا و جه‌یمس چارلتۆن، به‌رپرسی سیاسیی كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا كرد.
له‌ دیدارێكدا دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ڕێكاره‌ په‌یڕه‌وی و سیاسییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مان و ڕێكاره‌ په‌یڕه‌وی و سیاسییه‌كان، د. هێمن هه‌ورامی، گووتی: "هیچ بیانوویه‌كی سیاسی نه‌ماوه‌ بۆ كارانه‌كردنه‌وه‌ى كۆمیسیۆن و ئه‌ركی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌ ڕێكاره‌ په‌یڕه‌وییه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات بۆ ئه‌و پرسه‌ و هه‌ر بابه‌تێكی ترى په‌یوه‌ست به‌ هه‌ڵبژاردن، بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ كاتی دیاریكراوی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت".
هاوكات به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ ڕۆڵی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان به‌ یاسا مافی پێكهاته‌كانی پاراستووه‌ و پێوییسته‌ پێكهاته‌كان كە بەشێکی ڕه‌سه‌ن و سەرەکیی ئه‌م وڵاته‌ن مافه‌كانیان له‌ گشت بوارێكدا پارێزراو بێت".
لای خۆیه‌وه‌ جێمی هامیل، جێگری كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختى له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و هیوای خواست ‌په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی گرنگی كوردستان كاره‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات كه‌ به‌لای كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ گرنگه‌.