Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی: "هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فاف و سه‌ركه‌وتوو مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و هه‌موولایه‌كمان به‌رپرسیاریه‌تیی سیاسی و یاساییمان له‌سه‌رشانه‌ بۆ سه‌رخستنی"

د. هێمن هه‌ورامی، جیگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له ئۆلیڤیێ دیكوتینێ، كونسوڵی گشتیی كۆماری فه‌ڕه‌نسا له هه‌رێمى كوردستان كرد.
له دیدارێكدا دواین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دۆخی سیاسیی هه‌رێم و عێراق و پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان له هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
په‌یوه‌ست به‌پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان و گرتنه‌به‌رى ڕێكاره په‌یڕه‌وی و سیاسییه‌كان، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فاف و سه‌ركه‌وتوو مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و هه‌موولایه‌كمان به‌رپرسیاریه‌تیی سیاسی و یاساییمان له‌سه‌رشانه‌ بۆ سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، جه‌ختیشی كرده‌وه كه ده‌بێت په‌رله‌مان به ئه‌ركه یاساییه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵبستیت و هه‌ڵبژاردن دوانه‌كه‌وێت، بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسی به‌ردوامیی پێبدرێت.
گووتیشی: "ئه‌ركی یاسایی و سیاسیی هه‌موولایه‌كمانه‌ زه‌مینه‌سازیی ته‌واو بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فاف بكه‌ین و مافی گه‌لی كوردستان له‌ ئه‌نجامادانی هه‌ڵبژاردن و به‌رده‌وامیی پرۆسه‌ی دیموكراسی په‌ك نه‌خرێت، ده‌بێ سازان و لێكتێگه‌یشتنی نێوان فراكسیۆن و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ نزیككردنه‌وه‌ى ڕاوبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان هاوته‌ریب بێت و هیچ لایه‌ك كارى لایه‌كی دیكه‌ نادیده‌ نه‌گرێت و ڕێگرى له‌ كارى په‌رله‌مان و به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌ په‌یڕه‌وی و یاساییه‌كانی نه‌گرێ".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا له‌سه‌ر دوايين ڕه‌وشی سیاسی و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ گفتوگۆیان كرد و هه‌ڵوێست و پشتیوانیی به‌رده‌وامیی فه‌ڕه‌نسا بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رز نرخێندرا.