Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی : "هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی مافی گەلە و نابێت هیچ کەس و لایەنێک ئەم مافە زەوتبکات"

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۰۲۲/٤/۲۷، د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازیی لە ماری پارێت بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا باس لە ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا، د. هێمن هەورامی بەگرنگییەوە تیشکی خستەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان، و ڕایگەیاند؛ شەفافییەت و متمانەی زیاتر بە پڕۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن بەوە زیاتر دەبێت کە هەر چوارساڵ جارێک هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت، و تۆماری دەنگدەران نوێبکرێتەوە، یان سوود لە تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران لە کۆمسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەربگیرێت"، هاوکات ئەوەی خستەڕوو، کە هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراسی مافی گەلە و نابێت هیچ کەس و لایەنێک ئەم مافە زەوتبکات.

هەر لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لە یاسای هەڵبژاردن کرد، کە پێویستە بە جۆرێک بێت خواستی دیموکراسی و گەرەنتی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا بکرێن و دوور بێت لە میزاج و بەرژەوەندیی تەسکی حیزبەکان، و هەر چوار ساڵ جارێک بە بیانووی خراپی یان باشی ئەنجامەکانیان داوای هەمووار یان هێشتنەوەی یاسای هەڵبژاردن نەکەن.

لە بەشێکیتری دیدارەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە لێکتێگەیشتنی سیاسی و کاری دامەزراوەیی پەرلەمان کرد، کە تەواوکاری یەکترن، و ناکرێت کۆسپ و ئاستەنگەسیاسییەکان درێژەی پێبدرێت، بەبیانووی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان، کاری دامەزراوەیی و بەرپرسیاریەتی یاسایی پەرلەمان نادیدەبگیرێت.

پاشان بەگرنگییەوە باس لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرا، کە فرەییەکی جوانی نەتەوەیی و ئاینییان لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە و نمونەیەکی جوانی پێکەوەژیانن، کە ئەمە پێویستە ڕەنگدانەوەی لەنێو پەرلەمانی کوردستاندا هەبێت، و لەلایەن خودی پێکهاتەکان بڕیاری لەسەر بدرێت، و ئێمەش پشتیوانی هەر هەڵوێست و بڕیار و بۆچوونێک دەبین کە پێکهاتەکان خۆیان بیخەنەڕوو.

لە کۆتایی دیدارەکەدا د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوای پشتیوانی زیاتری لە یەکێتی ئەوروپا کرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و چاودێری و سەرخستنی پڕۆسەکە.