Skip to the content
Menu

به‌یاننامه‌ى لیژنه‌ی شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانى سیاسی له‌ ساڵیادی ٣٤ ساڵه‌ی جینۆسایدی ئه‌نفال

٣٤ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕژێمی دیكتاتۆری گۆڕبه‌گۆڕی به‌عس له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوی نامرۆڤانه‌دا كه‌ ناوی لێنابوو (ئه‌نفال)، قێزەونترین تاوانی له‌ هه‌شت قۆناغدا دژ بە گەلی کوردستان ئه‌نجامدا.

ئه‌م شاڵاوه‌ به‌ مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی به‌ كۆمه‌ڵی گه‌لی كوردستان و خاپوور كردنی سه‌رجه‌م ئه‌وناوچانه‌ی كه‌ ناوی نابوون ناوچه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان بووكه‌ بووه‌ هۆی زیانێكی یه‌كجار گه‌وره‌ی ماددی و مرۆیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌یی و (١٨٢٠٠٠ ) مرۆڤی كرده‌ قوربانی و (٤٥٠٠) گوندی تێدا خاپوور كرا.


ئه‌م یاده‌ تاڵه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ تا ئێستا كه‌سوكاری شه‌هیدان به‌پێی پێویست قه‌ره‌بووی ماددی و مه‌عنه‌وی نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا به‌ده‌ست كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ دەه‌ناڵێنن.

بۆیه‌ له‌م یاده‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ڕاسپارده‌كانی لیژنه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ ٢٠٢١/٤/١٤ به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری ناوچه‌ زیان لێكه‌وتووه‌كان ئاراسته‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرابوو.

هاوکات دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ حكوومه‌تی عێراق كه‌ میراتگری حكوومه‌ته‌كانی پێش خۆیه‌تی، قه‌ره‌بووی سه‌رجه‌م قوربانیه‌كان بكاته‌وه‌ و به‌ پڕۆژه‌یه‌ك سه‌رجه‌م ناوچه‌ زیان لێكه‌وتووه‌كان نوێژه‌ن بكاته‌وه‌ و بودجه‌ی تایبه‌تیان بۆ دابین بكات.

دروود بۆ ڕۆحی به‌رزه‌فڕی شه‌هیدانی ئه‌نفال، و نه‌فره‌ت و ڕوو ڕه‌شی بۆ بكه‌رانی ئه‌م تاوانه‌.

 

لێژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی

٢٠٢٢/٤/١٣