Skip to the content
Menu

لێژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان كێشە و گرفتەكانی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون تاووتوێ ده‌كات

بەمەبەستی گفتوگۆكردن و دۆزینه‌ی میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی پرسی زەوییە كشتوكاڵییەکان لە سێكتەری وەبەرهێنان و تاووتوێكردنی كێشە و گرفتەكانی پڕِۆژەكانی نیشتەجێبوون، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٤/١١، لێژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان، بەسەرپەرشتیی هاوڕێ‌ مەلا ستار، سەرۆكی لێژنە و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لێژنەكه‌، كۆبووه‌وە.
سەرەتای كۆبوونەوەكە گفتوگۆ و بەدواداچوون بۆ ئەو نووسراوانە كرا كە بۆ لێژنەكە نێردرابوون، لەگەڵ ئەو نووسراوانەی كه‌ لەلایەن لێژنەكەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار نێردرابوون.
پاشان كێشەی ئەو زەوییانە تاووتوێ كرا كە كەوتوونەتە بەر پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە سێكتەری وەبەرهێناندا، بەئامانجی دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكی گونجاو بۆ چۆنیەتیی چارەسەركردنی كێشەكان و گێڕانەوەی ماف بۆ جووتیاران و وەبەرهێنەران.
هه‌ر له‌ كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ئەو كێشە و كەموكوڕییانە كرا كە لە یەكەكانی نیشتەجێبوون هەیە، له‌پێناو دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنیان.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكه‌دا، سەرەڕای ئەوەی لێژنەكە جارێكی تر داوایكرد بە زووترین كات ئەو پڕۆژە و پێشنیازه‌ هەمواره‌ی یاسای وەبەرهێنان کە لەلایەن حكوومەتەوە ئامادە کراوە، بنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان، جارێكی تر جەختی لە بانگهێشتكردنی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بەمەبەستی ئامادەبوونی لە دانیشتنێكی پەرلەمان بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌.