Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌زرش و لاوان گفتوگۆ له‌سه‌ر دوو پێشنیازه‌یاسا ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دوو پێشنیازه‌یاسا، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٤/١٣، لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌لمه‌ فاتح، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕِیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، كۆبووه‌وه.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای لێژنه‌ی ئۆڵۆمپی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنجی خۆیان خسته‌ڕوو و نووسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرا كه‌ له‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م ئه‌وا وه‌ك لێژنه‌ سوود له‌ ڕاو سه‌رنجی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌رده‌گرن به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مەندكردنی ناوه‌ڕۆكی پێشنیازه‌یاساكه‌.
دواتر گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر پێًشنیازه‌یاسای خانه‌نشینیی هونه‌رمه‌ندان، دوای گفتوگۆی ئه‌ندامان و خستنه‌ڕووی بۆچوونی به‌شداربووان، بڕیار درا دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كۆببنه‌وه‌ و سوود له‌ پێشنیاز و بۆچوونه‌كانیان وه‌ربگرن.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، جه‌لال محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی شاندی لێژنه‌ی ڕۆشنبیریی كردبوو بۆ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، پوخته‌یه‌ك له‌ ناوه‌ڕۆكی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیانى له‌م وڵاته‌ خسته‌ ڕوو و بڕیار درا ڕاپۆرتی سه‌ردانه‌كه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت.