Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار چه‌ند پرسێكى گرنگ تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگى په‌یوه‌ست به‌ كارى لێژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٤/١٨، لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لیژنه‌كه‌، كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ كورته‌باسێكی ده‌رباره‌ی هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانى و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ى پێوه‌ری ئاوی ماڵان خسته‌ ڕوو، كه‌ به‌سوودوه‌رگرتن له‌ پێشنیازه‌كانی لێژنه‌ی شاره‌وانی بڕِیاره‌ چه‌ند ڕاسپارده‌یه‌كى تازه‌ ده‌ربچووێندرێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییان دابێت و بڕی سزای ئه‌و هاوبه‌شه‌ی پێوه‌ری نه‌به‌ستووه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسی كۆمپانیاكانی پاككردنه‌وه‌، دوای گفتوگۆكردن و ڕاگۆڕینه‌وه‌ بڕیار درا به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی كار له‌سه‌ر ڕێكخستنی زیاتری كاره‌كانیان بكرێت و كرێی مانگانه‌ی كۆمپانیاكانی پاككردنه‌وه‌ له‌ كاتی خۆیدا دابه‌ش بكرێت.
له‌ به‌شی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا بڕیار درا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن سه‌ردانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى هه‌رێم بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ كاروباری وه‌زاره‌ته‌كه‌.