Skip to the content
Menu

لێژنەی شەهیدان لەگەڵ شاندێکی دەزگای گشتیی كاروباری مین کۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردن و ئاگاداربوون له‌ كار و چالاكییه‌كانیان و گوێگرتن له‌ ئاریشە و داواكارییه‌كانیان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٤/٤، لێژنه‌ى كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، به‌سه‌رپه‌رشتیى سوسن محه‌مه‌د میرخان، سه‌رۆكى لێژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانى لێژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ شاندێکی دەزگای گشتیی كاروباری مین له‌ هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دوای بەخێرهێنانیان و بەرزنرخاندنی کار و چالاکییەکانیان لەلایەن سەرۆکی لێژنه‌وه‌، گفتوگۆ له‌سه‌ر كار و چالاكییه‌كانی ده‌زگاكه‌ و ئاریشە و گیروگرفته‌كانى به‌رده‌م ده‌زگاكه‌ له‌ پاككردنه‌وه‌ و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی مین له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان کرا، هه‌روه‌ها باس له‌ كه‌موكوڕی و ئەو بەربەست و  ئاسته‌نگانه‌ كرا كه‌ بوونه‌ته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیاندا.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، له‌لایه‌ن شاندی ده‌زگاكه‌ چه‌ند داواكارییه‌كى په‌یوه‌ست به‌ كاره‌كانى ده‌زگاكه‌ و كارمه‌نده‌كانی له‌ ڕووی ماف و ئیمتیازاته‌وه‌، خرایە به‌رده‌م لێژنەکە بۆ دەستەبەرکردنی ئه‌و مافانه‌یان بەشێوەیەکی یاسایی، وێڕِای پشتگیری و پاڵپشتیی داواکەیان، لێژنه‌ به‌ڵێنى بە شاندەکەدا درێغی نەکەن بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ماف و ئیمتیازاتی کارمەندانی دەزگاکە.
پاش گفتوگۆیەکی چڕِوپڕ، بەکۆی دەنگ بڕیار درا کۆبوونەوەیەکی فراوان ڕێکبخرێ و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگهێشت بکرێن و بیروبۆچوونیان گەڵاڵە بکرێ بۆ گەیشتن بە دەرئەنجام و چارەسەرکردنی سەرجەم گیروگرفت و ئاستەنگییەکان.