Skip to the content
Menu

پەیامی پیرۆربایی د. هێمن هەورامی لەڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی

لە یادی پڕ شکۆی رۆژی رۆژنامەگەری کوردی، و (۲٤) ساڵەی یادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم میدیاکارانی کوردستان دەکەم.

یەکەمین رۆژنامەی کوردی لە تاراوگە لەسەر دەستی میقداد مەدحەت بەدرخان بەو پەڕی بەرپرسیارییەتی و بەرگریکارییەوە لەماف و خواستەکانی گەلەکەی دەرچوو، بۆیە پێویستە هەموو رۆژنامەوانانی کوردستان گرنگی بەو ھەستی بەرپرسیارێتییە لە کاری میدیایی بدەن، بۆ خستنە رووی راستیەکان و پابەندبوون بە ئیتیکی کاری رۆژنامەگەری و خۆماندوو کردن و وردبینی بۆ دۆزینەوەی فاکت و راستییەکان.

پێویستە رۆژنامەوانان دووربکەونەوە لەوەی ببنە بەشیک لە دنەدانی سیاسی و تێکدانی سەقامگیریی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و نەچوونە ژێر باری هیچ کەس و لایەنێک کە بیەوێت میدیا بە ھەموو فۆرم و ژانرەکانییەوە بۆ تێکدان و درز خستنە نێو کۆمەڵگە و ھاندانی توند و تیژی سیاسی و ئاینی بەکاربهێنێت و پایەکانی کولتوری پێکەوە ژیان بکاتە ئامانج.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە رۆژنامەوانان و میدیاکارانی کوردستان دەکەم، خوازیارم لە هەوڵەکانیان بۆ هەواڵی ڕاست و دروستکردنی ڕای گشتی بۆ پشتیوانی لە راستییەکان کۆڵنەدەن.

بەرز و شکۆدار بێت یادی ده‌رچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردستان و ڕۆژی ڕۆژنامه‌گه‌ریى كوردى.

د.هێمن هەورامی

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان

۲۲نیسانی۲۰۲۲