Skip to the content
Menu

ڕاگەیه‌ندراوی لێژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەریی كوردی

لێژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگه‌ی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان، بەبۆنەی تێپەڕبوونی ١٢٤ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی، بەناوی "كردستان" لەسەر دەستی هەردوو ڕەوانشاد "میقداد مەدحەت به‌درخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان"ی برای، وێڕای ئەوەی بەشانازییەوە لەم مێژووە درەوشاوەیە دەڕوانێت، پشتیوانیی خۆیشمان بۆ بەرەو پێشبردنی ڕەوشی ڕۆژنامەگەریی كوردی لە كوردستان دووپات دەكەینەوە.
پێیمانوایە بێ‌ جێگیركردنی پایەكانی ئازادیی كاری میدیایی، ناكرێت سیستمێكی دیموكراسی و ئازاد بهێنرێتە دی، بۆیە ئەركی لەپێشینەمان بەرگریكردنە لە ماف و ئازادییەكانی میدیاكاران لە كوردستان و زیاتر ڕێكخستنی كاری میدیایی لە كوردستان، بەتایبەتیی بەهۆی فراوانبوونی كاری میدیایی و كاریگەریی فراوانی میدیای ئەلیكتڕۆنییەوە لە كوردستان، ئەمەیش بەڕه‌چاوكردنی ئەو بەند و بڕگانەی لەنێو یاسای ڕۆژنامەگەری لە كوردستان، یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ و هەروەها یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣دا هاتوون، كە تاڕادەیەك زەمینەی ڕێكخستن و ئازادیی كاری میدیایان لە كوردستاندا زامن كردووە.
هەر لەم یادەدا، سەرەڕای پیرۆزباییمان لە میدیاكارانی كوردستان، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كاروانی ڕۆژنامەگەریی كوردی دادەنەوێنین و پشتیوانیی خۆیشمان بۆ میدیاكاران و دەزگاكانی میدیا دووپات دەكەینەوە، كە هەمیشە پشتیوان و هاوكاریان دەبین بۆ سەرخستنی زیاتری كاری میدیایی و فراوانتركردنی ڕووبەری كاری میدیایی لە كوردستان و داواشیان لێدەكەین ڕۆڵی گرنگیان هەبێت بۆ پێشكەشكردنی هەر پێشنیازێك سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاساكانی كاری میدیایی، یان هەر پێشنیازەیاسایەكی دیكەی تایبەت بە میدیا، بۆئەوەی لە ڕێی لێژنه‌كەمانەوە بخرێتە بەرنامەی كاری داهاتووی پەرلەمان و هەماهەنگیمان هەبێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی ڕەوشی ڕۆژنامەگەری لە كوردستان.
بەرز و پیرۆزبێت یادی ڕۆژنامەگەریی كوردی.
لێژنەی ڕۆشنبیری و كۆمەڵگه‌ی مەدەنی و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانی كوردستان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٢