Skip to the content
Menu

بەیاننامەی هاوبەشی  لێژنەی شەهیدان و لێژنەی ناوچە کوردستانییەکان لە یادی جینۆساید کردنی کوردانی ئێزدی

لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لە بەرەبەیانێکی زوودا، تیرۆرستانی داعش پەلاماری شەنگالیاندا و کوردانی ئێزدی و پێكهاتەكانی تری لە شارەکەدا رووبەڕووی ٧٤مین کۆمەڵکوژی و قڕکردن کردەوە، ماوەی ٦ ساڵیش دەبێت لە لایەن پێشمەرگە ناوەندی شارۆچکەی شنگال کۆنتڕۆڵکراوەتەوە، بەڵام تا ئێستاش سەرووی ٢٠٠٠ ئێزدی لەژێر چنگ و زوڵمی داعش چارەنووسیان دیار نییە.

لە سۆنگەی ئەم یادە تاڵەوە، بە پێویستی دەزانین کە داوا بکەین لە حکومەتی عێراقی، تا زووە ماددەی ١٤٠ی دەستوور جێبەجێ بکات، هەروەها بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، لایەنی کەم لە قەرەبووکردنەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی ناوچەکانی قوربانی ئەم تاوانە، و کاری جددی بکات بۆ ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانەوەی شەنگال و دەوروبەری، هەروەها پابەندی ئەو ڕێکكەوتنانەش بن كە لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامیانداوە لە بارەی ئیدارەدانی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، دەبێت کارەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ دۆزینەوەی ونبووەکان، هاوکات چارەنووسی ٢٧١٧ هاووڵاتی ئێزدی دیار بکرێت کە تا ئێستا بێ سەر و شوێنن، و کەس و کاریان بە ئۆمێدەوە چاوەرێی گەرانەوەیانن.

پێویستە تاوانبارانی داعش کە ئەم تاوانەیان ئەنجام داوە، لەدادگایەکی نێودەوڵەتی یان نیشتمانیدا بە بەشداری نەتەوەیەکگرتووەکان دادگایی بکرێن .

داواکارین حکومەتی هەرێم هەوڵەکانی زیاتر بخاتە گەر، بۆ ناساندنی ئەو کەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیاریکردنی چارەنووسی بێ سەروشوێن کراوان، لەگەڵ هەوڵدانی زیاتر بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شەنگال و دەوروبەری.

هەروەها دەبێت هەرچی زووە یاسای رزگاربووانی ئێزدی  وەك خۆی جێبەجێ  بکرێت لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی، و هەموو جۆرە ئاسان کارییەک بکرێت بۆ ئەوەی بەشێک لە زامی ژنانی ئێزدی سارێژ بکرێت، کە تووشی درندەترین تاوان و ئەشکەنجە بوونەوە لەسەر دەستی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام.

لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم

لیژنەی  كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی

٣ی ئابی ٢٠٢٢