سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له هه‌رێمی كوردستان كرد
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/٨/٢٤، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له ده‌یڤد هه‌نت، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له هه‌رێمی كوردستان كرد.
له دیدارێكی نێوانیاندا باس له دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق به گشتی كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، تیشكی خسته‌سه‌ر چه‌ندین لایه‌نی گرنگ و هه‌ستیار سه‌باره‌ت به چه‌قبه‌ستوویی دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق، ئه‌گه‌ری كۆچكردنی به‌لێشاوی هه‌زاران خه‌ڵك بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ئه‌و ناسه‌قامگیری و پاشاگه‌ردانییه‌ی كه له عێراقدا له ئارادایه.
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باسی دواین به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونى دۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان كرا.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "بژارده‌ی لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و سازان باشترین چاره‌سه‌ره بۆ گه‌یشتن به ڕێككه‌وتنی سیاسیی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر شێوازی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی كوردستان، پێویسته هه‌مووان به گیانی لێپرسراوێتی و له گۆشه‌نیگای نیشتمانییه‌وه سه‌یری ئاینده بكه‌ن، هه‌ر لایه‌ك ئاماده بێت سازش له به‌شێك له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بكات، له ئه‌گه‌ری نه‌گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن و مانه‌وه‌ی دۆخه‌كه به هه‌ڵپه‌سێرداروی، ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌رچیبێت هه‌مووان پێكه‌وه لێی زیانمه‌ند ده‌بین".
لای خۆیه‌وه ده‌یڤد هه‌نت، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رامبه‌ر دیدگا و خوێندنه‌وه‌ی واقیعبینانه‌یان بۆ هه‌لومه‌رجی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان. دووپاتی كرده‌وه كه ئارامی و سه‌قامگیری، به‌هێزبوونی پایه‌كانی دیموكراسی بۆ ئه‌وان گرنگییه‌كى زۆرى هه‌یه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه ئه‌وان به بایه‌خه‌وه چاودێریی تێكڕای دۆخی سیاسیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانى كوردستان له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا.