Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٨/٣، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ كلێمنس زێمنته‌ر، كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد، كه‌ به‌مه‌به‌ستی ماڵئاواییكردن و ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كه‌ی سه‌ردانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كردبوو.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ تووندوتۆڵ و هاوئاهه‌نگییه‌ی نێوانیان له‌كاری دیپلۆماسی، كلێمنس زێمنته‌ر، كونسوڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا، به‌ بایه‌خه‌وه‌ باسی ئه‌و قۆناغه‌ی كاركردنی خۆی كرد له‌ هه‌رێمی كوردستان و خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی بۆ ناسین و تێكه‌ڵیی فه‌رهه‌نگی و مانه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
لای خۆیه‌وه‌، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ گرنگییه‌وه‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ریی به‌ڕێز كلێمنس زێمنته‌ری هه‌ڵسه‌نگاند وه‌ك دیپلۆماتكارێكی خاوه‌ن ئه‌زموون و شاره‌زا له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كه‌یان و هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ خواست له‌و ئه‌ركه‌ نوێیه‌ی كه‌ له‌ئاینده‌دا پێی ده‌سپێردرێت،
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، باس له‌ دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان و عێراق و دۆخی ناسه‌قامگیری ئێستای عێراق و كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی له‌سه‌ر دۆخی گشتیی عێراق و ناوچه‌كه‌ كرا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر به‌هێزكردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان كرده‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م بوار و سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا.