Skip to the content
Menu

به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان
كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌نێوان وه‌زاره‌تی كار و كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ردوو لێژنه‌ی كاروباری یاسایی و لێژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ به‌ڕێوه‌چوو

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردن و ئاماده‌كاری بۆ خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژه‌یاسای كار له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٠٢٢/٨/٢١، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌نێوان وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ردوو لێژنه‌ی كاروباری یاسایی و لێژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، بژار كۆچه‌ر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و ڕۆمیۆ هه‌كاری، سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مافی مرۆڤ و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆی ورد له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆك و ماده‌ و بڕگه‌كانی ناو پڕِۆژه‌یاساكه‌ كرا. سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "یاسای كار له‌ هه‌رێمی كوردستان بایه‌خ و گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووی مافی خانه‌نشینی و دابینكردنی بیمه‌ی ژیان و ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، ئێمه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ یاسای كار پارێزه‌ری سه‌رجه‌م مافه‌ ڕه‌واكانی كرێكاران بێت له‌ تێكڕای سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا، به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ئێستادا هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ركردن و هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی ئه‌و بارگرانییه‌یه‌ كه‌ له‌ كه‌رتی گشتیدا هه‌یه‌تی".
گووتیشی: "له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ ده‌بێت ماف و داخوازییه‌كانی كرێكار له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا به‌باشی پارێزراو بێت لەپێناو ھاندان و بەھێزكردنی كەرتی تایبەت و ڕەخساندنی دەرفەتی كاری زیاتر بۆ گەنجان و سوود بینین لە بەھرە و تواناكانیان لە سێكتەرەكانی پیشەسازی، كشتوكاڵ و خزمەتگوزارییە گشتییەكانی تردا".
پاشان هه‌ریه‌ك له‌ كوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌رۆكی لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان، به‌ ڕا و سه‌رنجه‌كانیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه‌ گفتوگۆكانیان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.