Skip to the content
Menu

به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان
كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌نێوان ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و لێژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٨/١٧، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌نێوان ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و لێژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ فه‌همی بورهان، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و ستافی ده‌سته‌كه‌ و جوان یونس ڕۆژبه‌یانی، سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌ ئاماده‌یبوون، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌مه‌ڕ دۆخی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ ڕووی جیاوازییەكان و ئه‌ركی ده‌سته‌كه‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا و هاوئاهه‌نگیی نێوان ده‌سته‌كه‌ و لێژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و پابه‌ندییان به‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان هه‌یانه‌ كرا.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ده‌سته‌كه‌ كرا، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ركی ئێستای ده‌سته‌كه‌ و بارودۆخی ناوچه‌كه‌دا بگونجێت.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رپرسیارێتیی هاوبه‌شی ته‌واوی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان و حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هاووڵاتییان سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها پلانی ده‌سته‌كه‌ بۆ شه‌ش مانگی داهاتوو و مه‌ترسییه‌كانی جێبه‌جێنه‌كردنی ماده‌ی (١٤٠) و كاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م جێبه‌جێنه‌كردنی ڕێككه‌وتنی شنگال ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆكان بوون.
سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لێژنەکەى په‌رله‌مان لەسەر کۆی کۆبوونەوەکە و ئەو زانیارییانه‌ى كه‌ له‌ بەدواداچوونه‌كانیان بۆ دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ بەگشتی بەدەستیان گەیشتبوو، سه‌رنج و تێڕوانینی خۆیان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراستەی شاندی باڵای دەستەی ناوچە کوردستانییەکان کرد، ئه‌وانیش لەلایەن خۆیانەوە ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویستیان له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینییه‌كانی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و وەڵامی پرسیاره‌كانیشیان دایه‌وه‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشێناز کرا كه‌ هه‌ردوولا، لێژنەى ناوچه‌ كوردستانییه‌كان و دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، ئامادەکاری بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان لەسەر دۆخی ئەو ناوچانە.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش، له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژناوانیی هاوبه‌شدا، ناوەڕۆکی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خرایه‌ڕوو.