Skip to the content
Menu

به‌سه‌رپه‌رشتیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان
كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو لێژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری و لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار بەڕێوەچوو

به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردن و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتی كۆتایی سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازه‌یاسای ڕێكخستنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵان، (یاسای پاراستنی ئاژه‌ڵه‌ ماڵی و بێلانه‌كان)، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٨/٢، به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو لێژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاودێری و لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و و جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى هه‌ردوو لێژنه‌كه‌ و ڕاوێژكارانی په‌رله‌مان و نوێنه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی پێشنیازه‌یاسای ڕێكخستنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵاندا (یاسای پاراستنی ئاژه‌ڵه‌ ماڵی و بێلانه‌كان) كرا، هاوكات تاووتوێی سه‌رجه‌م ماده‌ و بڕگه‌كانی نێو پێشنیازه‌یاساكه‌ كرا.
دوابه‌دوای پێشكه‌شكردنی چه‌ندین پێشنیاز و ڕاو سه‌رنجی ئاماده‌بووان، ڕاپۆرتی كۆتایی پێشنیازه‌یاساكه‌ ئاماده‌ كرا بۆئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنه‌كانی وه‌رزی نوێی یاسادانان بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانه‌وه‌.
پێویسته‌ بووترێت ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ دوابه‌دوای ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دێت كه‌ له‌گه‌ڵ بۆردی ڕاوێژكاریی یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و پسپۆڕان و چالاكوانانی بواری پاراستنی مافی ئاژه‌ڵان ئه‌نجامیاندا بۆ ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی پێشنیازه‌یاساكه‌.