کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکان بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ سێشەممە ۲۰۲۲/۸/۲۳ کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، بەسەرپەرشتيی د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونی د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و منی نبی قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان، لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان بەڕێوەچوو.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەسەر پرسی نووسینەوەی دەستوور و ئاماژەش بە ناوەڕۆکی ئەو نامەیە کرا کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی کردبوو سەبارەت بە نووسینەوە و ئامادەکردنی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە ڕاوبۆچوونی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان خرایەڕوو و سەرجەمیان کۆکبوون لەسەر بوونی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان.
هاوکات پێشنیار کرا لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ڕابسپێردرێت بۆ ئامادەکردنی پێشنیازەیاسایەک بەمەبەستی دروستکردنی لێژنەیەکی تایبەتمەند بۆ نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا لەبارەی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان و کاری لەپێشینەی پەرلەمانیش بریتی دەبێت لەو پڕۆژە و پێشنیازەیاسایانەی کە بە قۆناغە پەیڕەوییەکاندا تێپەڕیون و دەخرێنە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان، هاوکات فڕاکسیۆنەکان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و کۆميسیۆن، ڕاو بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو.