Skip to the content
Menu

له‌ په‌رله‌مانى كوردستان دیدارى گه‌نجان خاوه‌ن سه‌كۆن به‌ڕێوه‌چوو

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ ٢٠٢٢/٨/٢٨ به‌ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كان و راوێژكاران، دووه‌مین دیدارى گه‌نجان خاوه‌ن سه‌كۆن ــ یۆپ، له‌ هۆڵى په‌ناگیرى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌م دیداره‌ كه‌ (٢٠) گه‌نج له‌ شار و شارۆچكه‌كانى كوردستانه‌وه‌ به‌شداربوون، د. هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ گه‌نجان ووتى: دیدار و توێژینه‌وه‌ و به‌دواداچوونه‌ مه‌یدانییه‌كانى ئێوه‌ له‌م پرۆسانه‌ى تایبه‌تن به‌ دۆخى گه‌نجان، چ له‌به‌شدارى سیاسییان بێت یان پێشخستنى ئاسته‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستان، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ست بێت به‌ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان، له‌ڕوانگه‌ى ئه‌و بیرو بۆچوونانه‌ و پێشنیارانه‌ى ئێوه‌، بۆ ئێمه‌ گرنگه‌.

له‌به‌شێكى ترى قسه‌كانیدا جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌شى راگه‌یاند كه‌ به‌ پڕاكتیك له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان سه‌لمێندرا، كه‌ پێشنیازه‌ یاسا یان پڕۆژه‌ یاساییه‌ك له‌ حكومه‌ته‌وه‌ بێت گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێت، و لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى ئێمه‌ له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌رێگه‌ى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و سه‌ندیكا و یه‌كێتیه‌كانه‌وه‌، راوێژ ده‌كه‌ن و سه‌رنج و تێبینیه‌كانیان وه‌رده‌گرن، بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنیان كه‌ كاریگه‌رى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر پرۆسه‌ى یاسادانان داناوه‌.

ئێمه‌ هه‌میشه‌ ده‌ڵیین : په‌رله‌مان، په‌رله‌مانێكى گه‌نجانه‌یه‌، به‌ماناى ته‌مه‌نه‌ بایۆلۆجیه‌كه‌ نییه‌، چونكه‌ كه‌سانێكمان هه‌یه‌ له‌ته‌مه‌نێكى گه‌وره‌ و ئاستێكى باڵان، به‌ڵام له‌ڕووى بیر و بۆچوونه‌وه‌ ئاماده‌كاریی و قبوڵكردنییان كردووه‌، بۆ گۆڕانكارى و پێشخستنى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانیش دیدێكى گه‌نجانه‌یان هه‌بووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵتان به‌شداربووینه‌ بۆ پاڵشتییه‌كى مه‌عنه‌وى، و په‌رله‌مان بۆ خۆى ببێته‌ ئه‌و پلاتفۆڕمه‌ى، کە چالاكوانان و رێكخراوه‌ جیاوازه‌كان بێن بیرو بۆچوونه‌كانیان ڕاسته‌وخۆ بده‌نه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان.

پاشان گفتوگۆ له‌نێوان به‌شداربووان ئه‌نجامدرا له‌سه‌ر ئاست و هۆشیارى گه‌نجان و تاك له‌ بازنه‌ى به‌رپرسیارێتى له‌هه‌مبه‌ر په‌یڕه‌وكارى له‌ ئینتیمانى نیشتمانى و كلتورى و په‌روه‌رده‌یی و ئاینى و په‌یوه‌ستكردنیان به‌ هێڵى پێشكه‌وتنه‌كانى داهاتوو.

له‌ به‌شێكى ترى دیداره‌كەدا،‌ گفتوگۆ کرا له‌سه‌ر ڕێگەكانى هاندان وچالاككردنى توانا و لێهاتوویی گه‌نجان، و پاڵپشتی له‌ ره‌خساندنى ده‌رفه‌ت به‌ڕووى گه‌نجان، و هاوكارى له‌ بونیاتنانى پڕۆژه‌ بچوك و مامناوه‌نده‌كانیان، له‌گه‌ڵ دیارده‌ى كۆچكردنى گه‌نجان.

له‌كۆتاییدا راسپارده‌كان كۆكرانه‌وه‌ و ئاراسته‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیكه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و ڕای گشتى ده‌كرێت.