د. هێمن هه‌ورامى : هه‌فته‌ى داهاتوو حزب و لایه‌نه سیاسیه‌كانى جارێكى تر له‌سه‌ر پرسى هه‌ڵبژاردن كۆده‌بنه‌وه
جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كه رۆژى پێنجشه‌ممه دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ست پێده‌كاته‌وه و پێویسته ته‌مه‌نى په‌رله‌مان درێژ بكرێته‌وه تاوه‌كو تووشى بۆشایی یاسایی نه‌بین.
د. هێمن هه‌ورامى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند؛ رۆژى پێنجشه‌ممه ٢٠٢٢/٩/١ دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ست پێده‌كاته‌وه، و له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌ى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان، بڕیارمان داوه كه داوا له سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان بکه‌ین وتاریان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى دید و بۆچوونى خۆیان له‌سه‌ر كۆى گشتى یاسا دانان و ئه‌و دۆخه‌ى هاتۆته ئاراوه هه‌بێت، و به‌رنامه‌ى كارى هه‌ر فراكسیۆنێك كه بۆ ئەم وه‌رزه‌ى یاسادانانه له‌به‌رده‌ستمانه، گفتوگۆى له‌سه‌ر بكرێت.
له به‌شێكى تر‌ى لێدوانه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان ئه‌وه‌شى راگه‌یاند كه یه‌كێك له بابه‌ته گرنگه‌كان، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پرۆژەیاسای كار دەکەین كه له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه هاتووه، كه پڕۆژه‌یاساکە زۆر گرنگه بۆ كۆمه‌ڵگەى كوردستان، جگه له‌مه‌ش پڕۆژه‌یاسای هه‌موارى ئه‌نجوومه‌نى شووڕاش گه‌یشتۆته لایان.
د.هێمن هه‌ورامى وتى؛ له‌م ماوه‌یه‌ى پشووى وه‌رزى یاسادانان، لێژنه‌كانى په‌رله‌مان كار و چالاكى زۆریان كردووه، و راپۆرتى په‌روه‌رده خه‌ریكه ته‌واو ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌دانیشتنى ئاینده‌دا خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش راپۆرتى توندوتیژى به‌رامبه‌ر به ئافره‌تانیش له كۆتایی و ته‌واوبووندایه.
له‌وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌نووسان سه‌باره‌ت به ده‌ستوور، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند؛ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باش به‌ڕێوه‌چووه له‌نێوان ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان، دواجار بڕیارى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ئه‌وه بوو كه لێژنه‌ى یاسایی راسپێرێت كه نوێنه‌رى زۆرینه‌ى فراكسیۆنه‌كانى تێدایه، ته‌نیا فراكسیۆنه‌كانى یه‌كگرتوو و ئازادى و سه‌رده‌م نەبێت، بۆیه داوامان له ئه‌وانیش كردووه نوێنه‌ریان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مووان له‌گه‌ڵ لێژنه‌ى یاسایی پێشنیازه یاسایه‌ك ئاماده بكه‌ن بۆ چۆنیه‌تى ئاماده‌كردنى ده‌ستوور، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له یاسای ژماره (٤)ى ساڵى ٢٠١٤ هه‌یه، له خولى چواره‌م لێژنه‌یه‌كى ٢١ كه‌سى پێكهێنرابوو كه له‌ماوه‌ى ٩٠ رۆژ نه‌یانتوانى ده‌ستوور ئاماده‌بكه‌ن و پاشان بۆشیان درێژ نه‌كرایه‌وه، بۆیه ئێمه پێویستمان به پێشنیازه یاساییه‌كى نوێ هه‌یه به لێكتێگه‌یشتنێكى باش، تا پڕۆژه‌ى ده‌ستوور له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ئاماده بكه‌ین، تاوه‌كو سوود له ڕه‌شنووه‌كانى ده‌ستوور وه‌ربگرین له‌م (٧٤) مادده‌یه‌ى له خولى پێشتر كارى له‌سه‌ر كراوه.
هه‌ر له‌م لێدوانه رۆژنامه‌وانییه‌دا د. هێمن هه‌ورامى له‌وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌نووسان سه‌باره‌ت به درێژكردنه‌وه‌ى خولى په‌رله‌مانى كوردستان وتى : به‌داخه‌وه كه‌موكوڕى و نه‌نگییه‌كى گه‌وره‌یه بۆ هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان، كه نه‌مانتوانیوه هه‌ڵبژاردن له ٢٠٢٢/١٠/١ كه به‌ڕێز لەلایەن سه‌رۆكى هه‌رێم ده‌ستنیشانكراوه ئه‌نجامبدرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌نجامى هاوبه‌ش له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردن كه به‌هه‌مان یاسا بێت یان هه‌مواربكرێته‌وه و كۆمسیۆن كارابكرێته‌وه، خۆشبه‌ختانه له هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌یه‌كى تری حیزب و لایەنە سیاسییەکان له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ئه‌نجامده‌درێت، بۆیه ئێمه هه‌موو ئومێدێكمان ئه‌وه‌یه بگه‌نه خاڵى هاوبه‌ش و ڕێککەوتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئایا به‌هه‌مان یاسا هه‌ڵبژاردن بكرێت یان هه‌مواربكرێته‌وه، پاش ڕێککەوتنیش به‌لانى كه‌م كۆمسیۆن پێویستى به شه‌ش مانگ هه‌یه بۆ ئاماده‌كارییه‌كان، بۆ ئه‌و ماوه‌یەش کە كۆمسیۆن داواى ده‌كات، کە په‌رله‌مان تووشى بۆشایی ده‌ستوورى نه‌بێت تا پێش ٢٠٢٢/١١/٦، په‌رله‌مان ته‌مه‌نى خۆى درێژ نه‌كاته‌وه و هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام نه‌درابێت، ئه‌وه هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ونه بۆشایی ده‌ستوورى و یاسایی، و تووشى هه‌مان كێشه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق دە‌بین كه ئێستا ئه‌وان ناتوانن دانیشتنه‌كانیان بكه‌ن و داواى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته ده‌كەن، و تووشى ئه‌م قه‌یرانه سیاسیه گه‌وره‌یه بوونه كه له‌عێراقدا هه‌یه.
د.هێمن هه‌ورامى وتیشى: هه‌موولایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه رێگه ناده‌ین ئه‌و قه‌یرانه سیاسییه‌ى له عێراقدا هه‌یه له كوردستانیش هه‌بێت، چونكه بۆ ئێمه گرنگتره هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد به‌به‌شدارى هه‌موو لایه‌نه‌كان له شه‌ش مانگى ئاینده‌دا ئه‌نجام بدرێت، پێویسته په‌رله‌مانى كوردستان دوور بێت له موزایه‌دات، چونكه ئه‌م بابه‌ته په‌یوه‌ندى به لایه‌نێك و دوو لایه‌ن نییه، ئه‌گه‌ر هه‌ر په‌رله‌مانتارێك یان فراكسیۆنێك و هه‌ر حزبێكى سیاسى به‌جددى ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت، ده‌بێت ئه‌م ده‌رفه‌ته به په‌رله‌مان بدرێت، چونكه ئێستا ئه‌گه‌ر ٢٠٢٢/٩/٧ رێككه‌وتن بكرێت ئه‌وه په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و ده‌نگدانى دەوێت، و كۆمسیۆن پێویستى به‌كاركردن هه‌یه له‌ڕووى ته‌كنیكى و هونه‌رییه‌وه، بۆیه ده‌بێت په‌رله‌مانى كوردستان به هه‌موو فراكسیۆنه‌كانه‌وه ته‌مه‌نى ئه‌م خوله درێژ بكاتەوە دوور له موزایه‌ده، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردن بكرێت، بۆیە بێ درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى، پێموایه نه‌نگییه‌كى تر‌ى گه‌وره‌یه.