لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ سەردانی ئاسایشی گشتی دەكات
لهدرێژهی سهردانه مهیدانییهكانى بۆ دامهزراوهكانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، لێژنەی كاروباری كۆڵامەیەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ، لەماوەی دوو ڕۆژدا سەردانی چاكسازیی (گەوران و ژنان و منداڵان)و ئاسایشی گشتی و شەڵتەری ژنان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی لە پارێزگای هەولێر كرد.
ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢٢/٨/١، لە ڕۆژی یەكەمی سەردانەكهیاندا، شاندێكی ڵێژنهكه بەسەرۆكایەتیی ڕۆمیۆ هەكاری، سەرۆكی لێژنە و گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆكى لێژنه و بەدریە ئیسماعیل، بڕیاردەر و ئەندامیەتیی هەریەك لە حهسیبە گەردی و زكری زێباری، ئهندامانی لێژنهكه و ڕاوێژكارانى لێژنهكه، سەردانی ئاسایشی گشتیی ههولێرى كرد و لەلایەن عیسمهت ئەرگوشی، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی پێشوازیى لێكرا.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە سەرجەم كێشە و گرفتەكانی بەندكراوان كرا، كە بریتیبوون لە ڕەوشی مافی مرۆڤ و كێشەی دواكەوتنی داواكان لە دادگاكان و چهند كێشەیهكی ترى یاسایی، داواشكرا كە پارێزەر بتوانێت لەماوەی یاسایی بەندكراو ببینێت و هەوڵبدرێت ئەو قەرهباڵغییەی ناو گرتووخانەكان كەمبكرێتەوە.
له بهرامبهردا بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش بە لێژنەكەی پهرلهمانی ڕاگەیاند كە دەرگایان كراوەیە بۆ ئەندامانی پەرلەمان و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، هەر كاتێك بیانەوێت دهتوانن سەردانیان بكەن و بەندكراوان ببینن، ئازادن لەوەی كە پرسیار لە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە گرتووخانەی ئاسایش بكەن.
ههر له سهردانهكهیدا شاندی لێژنهكهی پهرلهمان هۆڵەكانی بەندكراوانی بهسهر كردهوه و لە نزیكەوە گوێیام لە داواكارییەكانیان گرت و بەڵێنیان پێدان كە بیانگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی چارەسەركردنیان.
دوای نیوەرۆی هەمان ڕۆژ، شاندهكه سەردانی هەریەك لە بهڕێوهبهرایهتیی (چاكسازیی ژنان و منداڵان)ى كرد و لەلایەن بەڕێوەبەر و هێزی جێبەجێكاری ناو چاكسازییەكان پێشوازیی لێكرا.
لە كۆبوونەوەیهكدا، بەڕێوەبەرەی چاكسازییەكە، باسی لە چەندین كێشە و كهموكوڕیی ناو چاكسازییەكە كرد و لە بەرامبەردا شاندەكەی پەرلەمان بە وردی گوێبیستی هەموو كێشەكان بوون و بەشە حیاجیاكانی ناو چاكسازییەكهیان بهسهر كردهوه و لە نزیكەوە چاویان بە ستافی چاودێرانی ناو چاكسازیەكە كهوت.
هەروەها سەردانی هۆبەكانی سزادراوان و ڕاگیراوانیان كرد بهمهبهستی بەدواداچوون بۆ كێشەكانیان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنیان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار.
لە ڕۆژی دووەمی سەردانەكەیاندا، شاندەكەی پەرلەمان سهردانی شەڵتەری ژنانى كرد و لەگەڵ تاڤگە فەیزواللە محەمەد، بەڕێوەبەری شەڵتەرەكە كۆبووەوە و باس لە سەرجەم ئەو كێشە و گرفتانە كرا كە تایبەتبوون بە دۆخی داڵدەدراوانی ئافرەت لەناو شەڵتەرەكەدا، وەك بچووكیی شوێنەكە و كەمیی ستاف و توێژەر و كهسی یاسایی و خزمەتگوزاریی تەندروستی.
له بهرامبهردا شاندی لێژنهكهی پهرلهمان بەڵێنیان پێدان كە لەماوەیەكی نزیكدا داواكانیان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدار و هەوڵی چارەسەركردنیان بدەن.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بۆ چارەسەركردنی هەندێك لە كێشە تەندروستییەكان پەرلەمانتاران پەیوەندییان بەلایەنی پەیوەندیدار كرد و بەڵێنی چارەسەركردنیان پێدان.
پاشان هۆڵەكانی ناو شەڵتەرەكەیان بهسهر كردهوه و لە نزیكەوە چاویان بە هەندێك كەیسی ناو شەڵتەرەكە كهوت، لێژنەكە بە وردی گۆێیان لێگرتن و بەڵێنیان پێدان كە لەگەڵ كەسوكاریان قسە بكەن بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانیان و دروستكردنی ئاشتەوایی لەگەڵ خانهوادهكانیان تاكو بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناو ماڵ و حاڵی خۆیان.
هەر هەمان ڕۆژ شاندەكەی پەرلەمان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی كرد و لەگەڵ یوسف چاوشین، بەرێوەبەرى بهڕێوهبهرایهتییهكه كۆبووەوە و باس لە سەرجەم ئەو كێشە و گرفتانە كرا كە پەیوەندییان بەم بەڕێوەبەرایەتییە هەبوو، وەك چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی و پەیمانگهی نابیسان و نابینایان و خانەكانی بەساڵاچووان و ژنان و منداڵان و نهوجەوانان و تۆڕی پاراستنی خێزانی و كەمئەندامان، بەتایبەتی ئەو كێشە و گرفتانەی كە پەیوەندیی بەلایەنی یاسایی هەبوو، پاشان پەرلەمانتاران داوایان لێكردن هەر پڕۆژەیاسایەك یان هەموارێك لە مادە و بڕگەكانى یاسابهركارهكانی پهیوهست بهو بهڕێوهبهرایهتییه بۆ باشكردنی رەوشی خێزان هەیە با ئاراستەی پەرلەمانی بكەن بەمەبەستی چارەسەركردنیان ئێوارەی هەمان ڕۆژ شاندهكه سەردانی چاكسازیی گەورانی هەولێری كرد و لهگهڵ بەڕێوەبەری چاكسازییەكە كۆبووهوه و باسیان لە چەند كێشە و گرفتی ناو چاكسازییەكە كرد، وەك كێشەی تەندروستی و خزمەتگوزاری و كەمیی ستاف و پێشینەی مانگانە و كەمیی هێزی جێبەجێكار، لەگەڵ كەمیی توێژەری كۆمەڵایەتی و دەروونی و قەرهباڵغیی ناو چاكسازییەكە.
لای خۆشیانهوه شاندەكەی پەرلەمان پرسیاریان لە ڕەوشی مافی مرۆڤی سزادراوان و چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵیان لەلایەن ستافی بەڕێوەبەرایەتییەكەوه كرد و دواتر بەشە جیاجیاكانی ناو چاكسازییەكایان بهسهر كردهوه و لە نزیكەوە چاویان بە ستافی چاودێرانی ناو چاكسازییەكە كهوت، هەروەها سەردانی هۆبەكانی سزادراوانیان كرد و لە نزیكەوە گوێبیستی داواكارییەكانیان بوون كه بریتیبوون بەپێداچوونەوە بە حوكمەكەیان لە دادگاكان بەمەبەستی كەمكردنەوەی حوكمەكانیان، جێبەجێكردنی بڕیاری ئازادكردنی مەرجدار لەلایەن دادگاكان و كەمكردنەوەی بهدهركراوان (استثنائات) تاكو سزادراوی زیاتر ئازادكردنی مەرجدار بیگرێتەوە، یەكلاییكردنەوەی حوكمی لە سێدارەدان چ بە جێبەجێكردن یان گۆڕینی بەحوكمێكی تر، وەك حوكمی ئەبەدی، بۆئەوەی شتێك لە دواڕۆژی خۆیان بزانن و لە ڕووی دەروونییەوە ئارام ببنەوە، لێبووردنی گشتی یان تایبەت.
لە كۆتاییدا چەندین داواكارییان لێوەرگرتن لەپێناوی بەدواداچوون بۆ كێشەكانییان و بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ گەیاندنی داواكان به لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی چارەسەركردنیان، ههروهها پاڵپشتی و پشتوانیی خۆیان بۆ بەڕێوەبەر و كارمەندانی چاكسازییەكان دووپات كردەوە و ئاماژەیان بەوەدا پێویستە كاری زیاتر بكرێت لەپێناو خزمەتكردنی كۆمەڵگه و جێبەجێكردنی مافەكانیان و لەهەمان كاتدا بەرەوپێشبردنی سیستەمی دادپەروەری و سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی حكوومهتی هەرێمی كوردستان.