Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار شاره‌وانییه‌كانی سنووری سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ كاروباری لێژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٨/٢٤، لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتیی لوقمان وه‌ردی، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر پرسه‌كانى زێده‌ڕۆیی، ئاو، به‌نداوه‌كان، گه‌شتوگوزار و كێشه‌ و داواكارییه‌كانی سنووری شاره‌وانییه‌كانی پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان و قه‌زا و ناحیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لێژنه‌ بڕیارى دا له‌ سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوودا سه‌ردانی سنووری شاره‌وانییه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان بكات و ڕاپۆرتێكی گشتگیر ئاماده‌ بكات و كاری پێویستی له‌سه‌ر بکات، بڕیاریشه‌ دوای ته‌واوبوونی سەردانە مه‌یدانییه‌کانی لێژنه‌كه‌ بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی، سه‌ردانی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و زاخۆش بکەن.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبووه‌نه‌وه‌كه‌، تایبه‌ت بوو به‌ بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، دوای گفتوگۆی نێوان ئه‌ندامان له‌سه‌ر پرسی كێشه‌ و نرخی هێڵه‌كانی په‌یوه‌ندی و ئه‌نته‌رنێت، به‌شێك له‌یارییه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان و سنووردراركردنی كردنه‌وه‌ی سایته‌ سێكسییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی پاكێجی خێزانی، بڕیار درا هه‌ر ئەمڕۆ‌ لێژنه‌كه‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن بكات و له‌گه‌ڵ وه‌زیر و ستافی وه‌زاره‌ت كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ن.