لێژنەی وزه و سامانە سرووشتییەكان بەدواداچوون بۆ پرسی چۆنیەتیی دابەشكردنی نەوتی سپی بهسهر ماڵاندا دەكات
بەمەبەستی تاووتوێكردنی كێشە و گرفتەكانی بهردهم دابەشكردنی نەوتی سپی بهسهر ماڵاندا و چهند پرسێكی تری پهیوهست به كارى لێژنهكه، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٨/٣٠، لێژنەی وزه و سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی، بەسەرپەرشتیی عەلی حمە ساڵح، سەرۆكی لێژنه و ئامادەبوونی جێگرى سهرۆكى لێژنه و بڕیاردەر و ژمارهیهك له ئەندامان و ڕاوێژكارانى لێژنەكە كۆبووهوە.
له سهرهتای كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتیی دانانی كارنامەی لێژنەكە بۆ وەرزی نوێی یاسادانان كرا، پاشان كێشە و گرفتەكانى بهردهم شێوازی دابەشكردنی نەوتی سپی و بهسهر ماڵاندا و كهمیی غازى ماڵان كرا، بەتایبەت لە ئێستادا كه نرخی نەوتی سپی زۆر بەرزبۆتەوە و هاووڵاتیی ئاسایی ناتوانێت لە بازاڕی ئازاددا بیكڕێت، بۆیە لێژنە بڕیاری دا سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكات بەمەبەستی چارەسەركردنی ئهو كێشهیه، لەبەرئەوەی ساڵانە پێش وەرزی زستان ئهو كێشە و گرفتانە دووبارە دەبنەوە.
ههروهها داوای كرد سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان نووسراوێك ئاراستەی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بكات بەمەبەستی دابینكردنی بڕی پێویست لە نەوتی سپی و غازی ماڵان بۆ هاووڵاتییان، بەپشت بەستن بەو بڕە غازە كهمهى كه ئێستا دابەش دەكرێت و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا خواست لەسەر غاز زیاد دەبێت و بەمەش دووباره قەیران دروست دەبێت.
هەر لەسەر ئەمە لێژنەكە دوو پێشنیازی بۆ حكوومەت كردووە، یەكەم پشكی بەشە غازی ماڵان زیاد بكرێت، دووەمیش كۆی بەرهەم بكرێتە كۆبۆن، بۆئەوەی دڵنیابن كه ئەم ڕێژەیە دەگاتە ماڵان یان نانەواخانەكان.
سەبارەت بە نەوتی سپیی ماڵانیش، لێژنەكه داوا دەكات حكوومەت بڕیار و پلانی هەبێت بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا، چونكە لەئێستادا ڕۆژ بەڕۆژ نرخی نەوت گران دەبێت و یەكێك لە هۆكارەكانی گرانبوونیشى ئهوهیه كه گازوایلی كوالێتی باشی پاڵاوگە فەرمییەكان ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت، نەوتی سپی و پاشماوەی ڕۆنی ئۆتۆمبێل و چەند مادەیەكی تر تێكەڵ دەكرێت و مادەیەكی زیانبەخشی لێ دروست دەكرێ و وەك گازوایل دەفرۆشرێت، لێژنەكە داوا دەكات هەناردەی گازوایل ڕابگیرێت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانیش بە لێژنەكەیان ڕاگەیاندووە كە ئاگاداری ئەو هەناردەیە نین و مۆڵەتیان پێنەداون.