Skip to the content
Menu

لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی لەگەڵ شاندێكی دەستەی مافه‌كانی مرۆڤ كۆبووەوه‌ و له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی ڕۆشنبیریش پێشوازییان لە گرووپی شاخەوانیی هاودیان كرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٨/٣١، شاندێكی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هه‌رێمی کوردستان، بەسەرۆكایەتیی د. مونا یاقۆ، سەرۆكی دەستە و سلێمان موحسین، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكان و فەیزوڵا محەمەد، ڕاوێژكاری دەستەكه‌، سەردانی لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرد و لەلایەن ڕۆمیۆ هەكاری، سەرۆكی لێژنە و گوڵستان سەعید، جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئەندامان و ڕاوێژكارانی لێژنەكه‌وه‌ پێشوازیی لێكرا.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، مونا یاقۆ، سەرۆكی دەستەی مافه‌كانی مرۆڤ، باسی لە كار و چالاكییەكانى ده‌سته‌كه‌یان و ئه‌و كێشە و گرفتانه‌ كرد كە ڕێگرن لەبەردەم ئەنجامدانی كاری زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی ڕەوشی مافه‌كانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستاندا.
هه‌روه‌ها مەبەستی سەردانەكەیانی بۆ لێژنەكەی پەرلەمان خستەڕوو كە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی (٢٠١٠) كار دەكات و یەكێك لە ئەرك و كارەكانی چاودێریكردن و تۆماركردنی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤە، بۆیه‌ داوای له‌ لێژنەكەی پەرلەمان كرد كە هەماهەنگ و هاوكار بن لەگەڵیان و وەك گرووپێك كار بكەن بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی ڕەوشی مافه‌كانی مرۆڤ، داواشی كرد كە پڕۆتۆكۆلێكی لێكتێگەیشتن ئیمزا بكەن بۆ ئەنجامدانی كاری هاوبەش، ئەویش لە ڕێگه‌ی پێكهێنانی لێژنەیەك بۆ بەدواداچوونی سەرجەم ئەو بابەتانەی تایبەتن بە ڕەوشی مافه‌كانی مرۆڤ لە هەرێمى كوردستاندا.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر بەردەوامیى ئه‌مجۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ و كاری هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌یی كرده‌وه‌.
هەر ئەمڕۆ بەهاوبەشی لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ و لێژنەی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان، پێشوازییان كرد لە گرووپی شاخەوانیی هاودیان، سەر بە فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، سەرۆكی گرووپى شاخه‌وانیی كوردستان، باسی لە كۆمەڵێك كێشە و گیروگرفتی كارگێڕی و خراپیی بارودۆخی دارایی گرووپەكەیان كرد و داوای لە لێژنەكانی پەرلەمان كرد كە هاوكار و پشتیوانیان بن بۆ بەرەوپێشبردن و ئەنجامدانی چالاكیی وەرزشی و ڕێكخستنی كاری وەرزشی شاخەوانی لە هەرێمی كوردستاندا، بەئامانجی زیاتر خزمەتكردنی شاخەوانی، كە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی بواری گەشتیاری لە هەرێمى كوردستاندا، ئەویش بە دروستكردنی یەكێتیی شاخەوانیی كوردستان، بەیەكگرتنی هەردوو فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان لە هەولێر و سلێمانی.
لەكۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، هەردوو لێژنەكەى په‌رله‌مان پشتیوانی و پشتگیریی خۆیان بۆ گرووپی شاخەوانیی هاودیان و داواكارییه‌كانیان دەربڕی.