Skip to the content
Menu

لێژنەی كشتوكاڵ ڕاپۆرتی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازه‌یاسای ڕێكخستنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵان ئاماده‌ ده‌كات

بەمەبەستی تاووتوێكردنى چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لێژنه‌كه‌، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٨/٢، لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی عەبدولسه‌تار مەجید، سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكى لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانى لێژنەكە كۆبووەوه‌.
سەرەتای كۆبوونەوەكە ئەو نووسرانەی لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكوومەته‌وه‌ ئاراستەی لێژنەكە كرابوون تاووتوێ كران.
پاشان دەستكرا بەئامادەكردنی ڕاپۆرتی هاوبه‌شی هەردوو لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری و لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازه‌یاسای ڕێكخستنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵان، (یاسای پاراستنی ئاژه‌ڵه‌ ماڵی و بێلانه‌كان)، كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ به‌سه‌رپه‌رشتیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌ردوو لێژنه‌ی ناوبراوی له‌باره‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پرسی كه‌رتی كشتوكاڵی له‌ پارێزگای دهۆك كرا و بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌و پرسه‌ش لێژنە بڕیاری دا سەردانی پارێزگاكه‌ بكات و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی دهۆك كۆببێته‌وه‌.
ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر داواكاریی خاوەن پڕِۆژە و زەویی كشتوكاڵبی دانیشتووانی ناوگردان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لێژنەیەك پێكهێنرا بۆئه‌وه‌ی بەدواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بكات.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، لێژنەیەک پێکهێنرا بۆ بەدواداچوونى ئەو ٩٩ ملیۆن دینارەی كه‌ بۆ لەناوبردنی سن و كیسەرە تەرخان کرابوو.