Skip to the content
Menu

په‌رله‌مانى كوردستان هه‌شته‌مین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی به‌رز ڕاده‌گرێت

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٨/٣، به‌ئاماده‌بوونی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چى، سكرتێرى په‌رله‌مان و سه‌رۆك و ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان، له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان مه‌ڕاسیمێكى شایسته‌ بۆ یادى هه‌شت ساڵه‌ی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی به‌ده‌ستی تیرۆریستانی داعش به‌ڕێوه‌چوو.
مه‌ڕاسیمه‌كه‌ كه‌ سه‌رۆكی دیوان و جێگری سه‌رۆكی دیوان و ڕاوێژكاران و مه‌یان خان خاتوونی یه‌كه‌می ئێزیدخان و دایكه‌ دایشه‌م خاوه‌نی ٣٢ شه‌هیدی ده‌ستی داعش و ژماره‌یه‌ك له‌ كچانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش و ژماره‌یه‌ك له‌ میوانان و به‌ڕێوه‌به‌ران و فه‌رمانبه‌رانی به‌شه‌ جیاجیاكانی په‌رله‌مان ئاماده‌یبوون، به‌ساتێك وه‌ستان به‌بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی قوربانییانی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستیپێكرد، پاشان له‌لایه‌ن سوسن محه‌مه‌د میرخان، سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، وتارى هاوبه‌شی هه‌ردوو لێژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم و لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی خوێندرایه‌وه‌ و تێیدا داوایان له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد كه‌ تازووه‌ ماده‌ی ١٤٠ى ده‌ستوور جیێبه‌جێ بكات و به‌رپرسیاریه‌تیی خۆیشی له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتییانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ بوونه‌ قوربانیی ئه‌و تاوانانه‌ و كاره‌ جدییش بكات بۆ ئاواده‌نكدرنه‌وه‌ و بنیادنانه‌وه‌ى شنگال و ده‌وروبه‌رى.
هه‌ر له‌وته‌كه‌یاندا جه‌ختییان له‌سه‌ر پابه‌ندبوونی حكوومه‌تی عێراقی به‌و ڕێككه‌وتننانه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ى ئیداره‌دانی ئه‌و ناوچانه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها داوایانكرد كه‌ كاره‌كان چڕتر بكرێنه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى ونبووه‌كان و چاره‌نووسی ئەو ٢٧١٧ ئێزدییانه‌ش دیاری بكرێت كه‌ تائێستا بێسه‌روشوێنن و كه‌سوكاریان به‌ئومێده‌وه‌ چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌یانن.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یاندا جه‌ختییان له‌سه‌ر پێویستیی دادگاییكردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ له‌ سه‌ران و چه‌كدارانى داعش له‌ دادگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی یان نیشتیمانیدا به‌به‌شداریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرده‌وه‌.
هه‌روه‌ها داواشیان له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد هه‌وڵه‌كانی زیاتر بخاته‌ گه‌ڕ بۆ به‌جیهانی ناساندنی ئه‌و كه‌یسه‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و دیاریكردنی چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنكراوان و هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كانی بۆ شنگال و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌رى.
دواتر له‌لایه‌ن سێ كچی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش، ڕه‌شه‌ی ئێزدییه‌كانى شنگال ڕاده‌ستی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرا.
پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و سه‌رۆكی لێژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ی هه‌رێم و سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان و مه‌یان خان و دایكه‌ دایشه‌م و كچێكی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش، هه‌شت مۆم بۆ ڕۆحی پاكی قوربانییانی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ داگێرسێندرا.
هه‌ر له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا چه‌ند چالاكی نمایش و لاواندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆحی پاكی قوربانی ئه‌و كاره‌ساته‌ به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ كۆتایی مه‌ڕاسیمه‌كه‌شدا، پێشانگایه‌كی فۆتۆگرافی له‌لایه‌ن فۆتۆگرافه‌ر مه‌حمود هه‌ولێری و فۆتۆگرافه‌ر حوسێن باعه‌درى، كرایه‌وه‌ كه‌ وێنه‌كانی گوزارشتیان له‌ گه‌وره‌یی ئه‌و مه‌رگه‌ساته‌ ده‌ركرد.