سهرۆكی پهرلهمان پێشوازیی له بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا له هەولێر كرد
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٨/٢٢، د. ڕێواز فائق، سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان، پێشوازیی لە ئیڤ دۆڤاڵ بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە ھەولێر كرد، كه بهمهبهستی ماڵئاواییكردن و تهواوبوونی ئهركهكهی سهردانی سهرۆكی پهرلهمانی كوردستانی كردبوو.
لە دیدارێكی نێوانیاندا باسی دوایین پێشھات و ئاڵنگارییەكانی بەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراق و چەند پرسێکی ھەنووكەیی و پەیوەندییەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا، لێكەوتەكانی ئەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا كرا.
د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند:" عێراق لەبەردەم دووڕیانێكی سیاسی هەستیار و سەخت و دژواردایە، بۆیە بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە ھیچ بژاردەیەك لە دیالۆگی نیشتمانی و لێك تێگەیشتن و نزیك بوونەوەی ڕوانگە جیاوازەكان باشتر نییە".
گووتیشی: "ھیواخوازین كە ھەمووان بە گیانێكی نیشتمانییەوە سازش لەسەر بەشێك لە ڕوانین و داخوازییە سیاسیەكانیان بكەن، لەپێناو گەیشتن بە كەناری ئارامی و سەقامگیری".
دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بابەتێکی دیکەی گرنگی دیدارەکە بوو، د. ڕێواز فائق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە بەتەواوی پشتیوانی دەستەی مافی مرۆڤ و لێژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانیان بەشێوەیەکی کاراتر و بێگومان لێژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانیش ڕادەسپێرین کە ئەرکی خۆی بەباشترین شێوە جێبەجێ بکات، چونکە هەر تێبینییەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی مافی مرۆڤ و ئازادییەکان لە هەرێم، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ناوبانگی هەرێمەکەمان دەبێت و هاوکات متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکان کەم دەکاتەوە".
دواتر ئیڤ دۆڤاڵ، بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی كەنەدا لە ھەولێر سوپاسگوزاری خۆیانی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ پێشوازی لێكردنیان و خستنە ڕووی ئەم زانیارییە پڕ بایەخانەی كە لە دیدارەكەدا خستیانە ڕوو.
لای خۆیەوە سەرۆكی پەرلەمان ھیوای سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن لەو ئەركە نوێیانەی كە لە ئایندەدا لە لایەن وڵاتەكەیانەوە پێیان دەسپێردرێت.